سەردێڕ:

غەززە؛ تەمی مردن باڵی بەسەر گفتوگۆکانی ئاگربەستدا کێشاوە

PM:07:35:09/07/2024

1580 جار خوێندراوەتەوە

شەڕ و بۆردوومان لە غەززە بەردەوامە و دانیشتوانانی ئەو شارە بۆ باکووری شارەکە هەڵهاتوون و گروپی چەکداری حەماسیش دەڵێت، کۆتایی بە گفتوگۆکانی ئاگربەست دەهێنێت. لە کاتێکدایە ئەمڕۆ٤٠ کەس بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.


شەڕ لە بەرەکانی پێشەوەی غەززە بەردەوامە و گروپی چەکداری حەماس رایگەیاند، لە بەرەکانی پێشەوەی غەززە بە توندی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەجەنگن و سوپای ئەو وڵاتەش دەڵێت، لە سەرەتای هەفتەوە ١٥٠ چەکداری حەماس کوژراون.

شەڕی دەستەویەخەی حەماس و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هاتبوونە ناوچەکە بۆ فشار خستنە سەر هەردوولا بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست.

لایخۆشییەوە، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس باسی لەوە کرد، ئەو شەڕە گفتوگۆی ئاگربەستی هێناوەتەوە خاڵی سەرەتا.

هاوکات، میدیای فەرمی میسر رایگەیاند، کە نێوەندگیرانی قەتەر و میسر بە پاڵپشتی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا هەوڵەکانیان خێراتر کردووە و لە ڕۆژی چوارشەممەوە دانوستانەکان لە دەوحە دەست پێدەکەنەوە.

لە زاری بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسیشەوە باسی لەوە کردووە، شاندێکی میسری بەرەو دەوحە دەڕوات لە ئەرکێکدا بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە زووترین کاتدا.
سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئاگربەست شەڕ و بۆردوومان بۆ لە غەززە بەردەوامە و بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە ماوەی تەنها کاتژمێرەکانی سەر لە بەیانی ئەمڕۆدا ١٧ کەس بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە ١٤یان ژن و منداڵن و بە گشتیش ئەمڕۆ ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا. 
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای جەنگەوە ٣٨ هەزار و ٢٤٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و کێشەی ئاو و خواردنی تەندروستی لە کەمپی ئاوارەکانی غەززە و لەناو شارەکانیشدا هەیە. 

جەنگی ئیسرائیل و حەماس پێی ناوەتە مانگی دەیەمەوە و بەهۆی بەردەوامی جەنگەکەش زۆرینەی دانیشتووانی کەرتی غەززە ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بردووەتە بەر ئەو قوتابخانانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە، بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری