سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی داهاتووی بەریتانیا کێیە؟

PM:02:01:05/07/2024

7408 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا ئەنجامدرا و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی کرێکاران بە سەرۆکایەتی کیەر ستارمەر توانی ٤١٢ کورسی بەدەستبهینێت، ستارمەر، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا.


لەبارەی سەرکەوتنی پارتەکەیەوە کیەر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە کاندیدی سەرەکی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی بەریتانیایە رایگەیاند، پارتەکەیان چوار ساڵە کار بۆ گۆڕانکاری دەکات و ئەنجامەکەشی سەرکەوتن بووە و هاوڵاتیانی بەریتانیاش دەنگیان بە گۆرانکاری داوە و گۆرانکاری لە دوای هەڵبژاردنەوە دەست پێدەکات.

ستارمەر کێیە؟

سێر کیەر رۆدنی ستارمەر، پارێزەر و سیاسەتمەدارێکی بەریتانییە و ساڵی ٢٠١٥ـەوە ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکە و سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆنە کە بوونە براوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی بەریتانیا و دوای ١٤ ساڵ پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداریان دووچاری گەورەترین شکست کردەوە لە مێژووی بەریتانیادا.

ستارمەر یەکەم ئەندامی خێزانەکەی بووە کە توانیویەتی بچێتە زانکۆ و خوێندن تەواو بکات، پاشان بووەتە پارێزەر و لەمیانەی پیشەی پارێزەریدا، هاوکاری بەڕێوەبردنی گۆڤارێکی چەپی کردووە بە ناوی ئەڵتەرناتیڤەکانی سۆسیالیستی.

ژیانی پیشەیی ستارمەر؛

ستارمەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا پلە یاساییەکانی بڕی بووە سەرۆکی داواکاری گشتی، خزمەتگوزاری داواکاری گشتی تاجی حکومەتی بەریتانیای بەڕێوەبرد لەو ساڵەدا و بەهۆی ئاشکراکردنی چەندین دۆسیەی گەندەڵی، خەڵاتی رێزلێنانی شاهانەی پێ درا.

ساڵێک پێش ئەوەی روو لە سیاسەت بکات و لە ساڵی ٢٠١٤دا پلەی شوڕشگێڕی وەرگرتووە، بەهۆی ئەو دەستکەوتانەی کە پێشکەشی دەستەی دادوەری گشتی بەریتانیای کردووە.

کاتێک کیەر ستارمەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی پارتەکە تووشی خراپترین شکستی هەڵبژاردنی گشتی بوو لە ماوەی ٨٥ ساڵی رابردوویدا، ستارمەر سەرکەوتنی پارتەکەی گرتە ئەستۆی خۆی و بەڵێنی دا شکست بە پارێزگارانی دەسەڵاتدار بهێنێت، دوای چوار ساڵ و بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٤١٠ کورسی، ستارمەر بەڵێنەکەی بردە سەر و پارتی کرێکاران بەشداری لە داڕشتنەوەی سیاسەتی حکومڕانی بەریتانیا دەکات.

سیاسەتەکانی ستارمەر چین و چۆن دەبن؟

ستارمەر لە تێڕوانینی سیاسەتی پارتەکەی پێی وایە، دەبێت سیاسەتمەدار جەخت لە دابینکردنی مافی گشتی بکاتەوە نەوەک تاکەکەسی، بۆیە ئەو کەسانەی بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسی دەکەنەوە دەبێت دوور بخرێنەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا، بەشێک لە ئەندامانی پارتەکە بەهۆی ئەوەی کە رەخنەیان لەوە هەبووە کە بەرژەوەندی تاکەکەسی هیچ گرفتێکی نییە، ستارمەر دوریخستوونەتەوە.

'چاکسازی لە ناو خۆماندا دەکرێت پاشان لە دەرەوە'

ستارمەر لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتەکەی بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند،" دەزانم رەخنەتان لە سیاسەتی من هەیە، بەڵام ئێمە چاکسازی دەکەین، وە چاکسازی دەبێت سەرەتا لەخۆماندا بکرێت پاشان هەوڵ بدەین بۆ چاکسازیکردن لە دەرەوە".

'ئەگەر کاتمان پێبدرێت دەتوانین زۆر شت بکەین'

ستارمەر لە وتاری بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەیدا رایگەیاند، نایانەوێت بەڵینی بێ کردار بدەن وەک پارتەکانی دیکە، چونکە نایانەوێت بەڵینێک بدەن کە نائاسوودەبن بەهۆیەوە و نەتوانن ئەنجامی بدەن، بۆیە داوا دەکەن کاتیان پێبدرێت تا بیسەلمێنن چۆن گۆڕانکاری دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، کە تیایدا پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنێکی مێژووی بەدەستهێنا و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان ٤١٢ کورسی بەدەست هێناوە و دەتوانێت بە تەنها حکومەتی وڵاتەکە پێکبهێنێت ( دەنگی دوو کورسی پەرلەمان تا کاتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەکلایی نەکراونەتەوە)، پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداریش بۆ یەکەمینجار لە مێژوویدا، تووشی شکستێکی لەو شێوەیە گەورە بوو.













گەلەری