سەردێڕ:

ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەکی بۆ راگرتنی هێرشی سەر کەشتییە بازرگانییەکان پەسەندکرد

PM:10:52:27/06/2024

1940 جار خوێندراوەتەوە

بە کۆی دەنگ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا دەکرێت دەستبەجێ هەموو هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و عەرەبی و کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی رابگیرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ بڕیارنامەیەکی نوێی سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر رێگاکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و عەرەبی و کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی پەسەند کرد.

بڕیارنامەکە کە رەشنووسەکەی لەلایەن ئەمریکا و ژاپۆنەوە پێشکەشکرا، تێیدا داوا دەکرێت دەستبەجێ هەموو هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان رابگیرێت و کەشتی گالاکسی لیدەر ئازاد بکەن کە لە ١٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

هەروەها، لەبڕیارنامەکەدا داوا دەکرێت سەرجەم ولاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دابینکردنی چەک و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ حوسییەکان.

لەبەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا، داوا لە هەموو لایەنەکانی یەمەن دەکرێت بەشداری پڕۆسەی ئاشتی بکەن و چارەسەری کێشەکانی یەمەن بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، گروپە چەکدارەکانی یەمەن بەبۆنەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل و وەکو پاڵپشتیکردنی حەماس، لە نزیکی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا دەست پێ کردووە.













گەلەری