سەردێڕ:

بۆ کۆکردنەوەی پارە؛ حکومەتی کاربەڕێکەر باجی خستەسەر کورتانى گوێدرێژ و ئەسپیش

PM:04:16:23/06/2024

2588 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ کۆکردنەوەی باج و داهات، دەستی گەیشت بە بەدانانی باج لەسەر کورتانی ئەسپ و ماین و گوێدرێژ. لە ساڵانی رابردوودا پارەیەکی رەمزی وەک باج وەردەگیرا، بەڵام ئێستا باجی سەر کورتانیش نزیکەی پێنج هێندە زیادی کردووە.


لەوبارەیەوە هاوڵاتیان دەڵێن، لە ئێستادا ئەوەی بەلای حکومەتی کاربەڕێکەرەوە گرنگە کۆکردنەوەی پارەیە و باکی بەوە نییە لەسەر هاوڵاتیان چەند گران دەبێت، جۆر و شێوازی وەرگرتنی باجەکەش چۆنە و لەسەر چی وەردەگیرێت.

باس لەوەش دەکەن، جاران کورتان هەرزان بوو، ئێستا ئەوەش گرانبووە و ئاوا بڕوات گوێدرێژەکانیان بێ کورتان دەبن.

بەگوێرەی زانیارییەکان ساڵانی رابردوو هەر کورتانێک نزیکەی دوو هەزار دینار باجی لەسەر بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی هەشت هەزار دینار باجی خراوەتە سەر.

کورتان تەنها لە پووش یاخود جەگەن و قوماش پێک دێت و نرخی هەر کورتانێک لەنێوان ٢٥ بۆ ٤٥ هەزار دینار دایە، حکومەتی کاربەڕێکەر پاش ئەوەی باجی خستە سەر تەوالێت و حەمامەکانی ناو بازاڕ و سەنتەری شارەکان ئێستا باجی کورتانیش وەردەگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرباری پێنەدانی مووچە مانگانە لە وادەی خۆیدا و جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی بە هاوڵاتیانی داوە، هاوکات دابین نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا بەپێی پێویست، حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوامە لە زیادکردنی باج لەسەر کەلوپەل و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا و بارگرانی بۆ هاوڵاتیان.













گەلەری