وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ناوی خانەنشینانی سەربازی لە لیستی مووچەدا نییە بەهۆی نەگەیشتنی پارەی مووچەکانیان لە بەغداوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٦ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، مووچەی خانەنشینانی سەربازیان رەوانەی هەرێم کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە بەڵام ناوی خانەنشینانی سەربازی تێدا نییە.
لەوبارەیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم
رایگەیاند، هەر کات لە بەغداوە پارەی مووچەکانیان گەیشتە دەست وەزارەتی دارایی و
ئابوری ، دەست بەجێ دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.
رۆژی ٦ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێڕاق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە کرد، پارەی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازیشیان بۆ هەرێم ناردووە.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی ئایاری
بڵاوکردەوە، بەگوێرەی لیستەکە، سبەی سێشەممە، ١١ـی ٦ وەزارەتەکانی تەندروستی، ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵاتی، دارایی و
ئابووری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی
دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە
مووچەکانیان دابەش دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، ١٢ـی ٦ هەریەکە لە وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەنجومەنی
دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی،
سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو مووچەکانیان
وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە، ١٣ـی ٦ لە کۆتا رۆژی دابەشکردنی مووچەدا فەرمانبەرانی
شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا، ئاوەدانکردنەوە
و نیشتەجێکردن، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، کارەبا، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان،
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران مووچەکانیان وەردەگرن.