سەردێڕ:

باوکی شەهید سورکێو یەکێک لە شەهیدەکانی ١٧ـی شوبات کۆچی دوایی کرد

PM:03:19:10/06/2024

12928 جار خوێندراوەتەوە

باوکی شەهید سورکێو یەکێک لە شەهیدەکانی ١٧ـی شوبات کۆچی دوایی کرد.


ئەمڕۆ دووشەممە، زاهیر مەحمود باوکی یەکێک لە شەهیدەکانی ١٧ـی شوبات بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

زاهیر مەحمود، لە ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایکبووە، کوڕێکی بەناوی (سورکێو زاهیر) پاش دوو رۆژ لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ١٧ـی شوبات و لە ١٩ـی شوباتی ٢٠١١ـدا شەهید بوو.

پێشتر، زاهیر مەحمودی باوکی شەهید سورکێو ئاماژەی بەوە کردبوو، " وەسێت دەکەم کە مردم لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی بمنێژن".

رۆژی ١٧ـی شوباتی ٢٠١١، سەدان خوێندکاری زانکۆ و کەسانی دیکە لە سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە دواتردا و لەکاتی تێپەڕبوونیان بە بەردەم لقی چواری پارتی، گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و لە لقی چواری پارتییەوە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کرا و بەهۆیەوە مێردمنداڵێک بەناوی رێژوان عەلی شەهید بوو و ٥٨ کەسی دیکە بریندار بوون، لە رۆژانی دوای ١٧ شوباتیش، خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون و زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم، جگە لە هەولێر و دهۆک، گرتەوە و تێکڕا ١٠ کەس شەهید کران.

لە هەفتەکانی دواتردا، تا دەهات ژمارەی خۆپیشاندان زیادی دەکرد و خۆپیشاندەران لە سلێمانی بنکەی خۆپیشاندانەکەیان بردە بەردەرکی سەرا، لە ١٩ـی شوباتدا، بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان هەریەکە لە شێرزاد تەها و سورکێو زاهیر شەهید کران.
شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ـی شوباتی ٢٠١١، بەهۆی رووماڵکردنی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و گەیاندنی داواکانیان، پاش چەندین جار هەڕەشەکردن، ئۆفیسی سەرەکی ئێن ئاڕ تی لەلایەن چەندین چەکداری دەمامکدارەوە سوتێنرا.

دواتر و لە ٢٥ـی شوباتدا، هەریەکە لە گەرمیان ئەحمەدی تەمەن ١٣ ساڵ لە چەمچەماڵ و بیلال ئەحمەد لە کەلار، شەهید کران.
لە ٢٦ـی شوباتدا، گەنجێکی دیکە لە سلێمانی بەناوی ئومێد جەلال بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کرا. 
رۆژی ١٨ـی نیسان، ٨٣ هاوڵاتی لە سلێمانی بریندار بوون و کەسێک بەناوی هەردی فاروق شەهید کرا.













گەلەری