سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند راسپاردەیەکی لەبارەی نرخی نەوت و غاز و رۆنەوە پەسەند کرد

PM:10:52:04/06/2024

1960 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری نرخی نەوت بە رێژەی ٥٠٪ـی نرخی بەیاننامەی جیهانی دیاری کرا و نرخی یەک تۆن غازی LPG لە کارگەی غازی حەلفایە بە ٤١٥ هەزار دینار دەبێت، هەروەها نرخی رۆنی سوتەمەنی بە ٢٥٠ هەزار دینار دەبێت بۆ یەک تۆن.


ئەمڕۆ سێشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران راسپاردەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری پەسەند کران کە بریتیبوون لەوەی دەبێت نرخی نەوت بەڕێژەی ٥٠٪ـی نرخی بەیاننامەی جیهانی بێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ کاروباری ئابووری دەبێت نرخی یەک تۆن غازی LPG بە ٤١٥ هەزار دینار بێت لە کارگەی غازی حەلفایە.

ئەوەش خراوەتە روو، نرخی رۆنی سوتەمەنی بەڕێژەی ٣٥٪ـی نرخی بەیاننامەی جیهانی دەبێت کە یەک تۆن بە ٢٥٠ هەزار دینار دەبێت.

هەر ئەمڕۆ، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەدوایین کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی پڕۆژە نەوتییەکان جەختی کردەوە لە پابەندبوون بەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی نەوت چەند پڕۆژەیەکی گەورەی هەیە لە کەرتی دەرهێنانی نەوت بۆبەردەوامبوون و زیادکردنی بەرهەمهێنان و پڕۆژەی دیکەیان هەیە بۆ پەرەپێدانی بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوت.

 

باسی لەوەش کرد، وەزارەتی نەوت لەپێشەنگی ئەو وەزارەتانەیە کە پڕۆژەی پارەدانی ئەلیکترۆنیان جێبەجێکردووە نەک تەنها لە بواری فرۆشتنی سوتەمەنی لە وێستگەکاندا، بەڵکو لە هەموو مامەڵەکانی کۆمپانیای دابەشکردن و کۆمپانیاکانی دیکەشدا.














گەلەری