شوێنەوارى کۆشکێک لە سلێمانى دۆزرایەوە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لەلایەن لۆلۆییەکانەوە دروستکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکى تیمێکی شوێنەوارناسى زانکۆی سلێمانی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، کۆشکێکی دێرینیان لە نزیک چەمى سەرچنار دۆزیوەتەوە کە تەمەنی سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵە.
دڵشاد زاموا، سەرۆکى
تیمى شوێنەوارى دێکۆن ئاماژەی بەوەش کرد، لەو شوێنەدا نوسینی
مێخی و دوو ناوی کوردی کۆنیش دۆزراونەتەوە کە (داسی و بانو) بوون.
باسی لەوەش کرد،
کۆشکەکە لەلایەن لۆلۆییەکانەوە دروست کراوە کە دێرنترین گەلی ناوچەی سلێمانین و پێنج
هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکەدا ژیاون.
لۆلۆییەکان کۆمەڵێک
هۆز بوون کە هەزار ساڵ پێش لە دەرکەوتنی ماد لە ناوچەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس و
دەوروبەری شارەزوور ژیاون.
لۆلۆییەکانیش دەبنە
دوو بەش، بەشێکیان لە نێوان دوو رووباری دیجلە و فوڕات و بەشێکی دیکەیان لە دەشتی
زەهاو و شارەزوور و دەوروبەری سلێمانیدا ژیاون.
ساڵی رابردووش، لە گردی کونارە لە سلێمانی، شوێنەوارێکی پێنج هەزار
ساڵەی لۆلۆییەکان دۆزرایەوە، بە هەمان شێوەش لە نیسانی ٢٠١٩ـەدا و هەر لە گردی
کونارە، شوێنەوارێکی دیکەی مێژوویی لۆلۆییەکان دۆزرایەوە.