سەردێڕ:

سەرباری هەبوونی داهاتی ناوخۆ؛ نزیکەی ٥٠ رۆژە هێزە ئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە

PM:08:31:26/05/2024

1236 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی ٥٠ رۆژە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش ئامادەنییە لە داهاتی ناوخۆ و نەوتی قاچاخ مووچەکانیان دابەشبکات و رادەستی بەغدایشی ناکات تا ئەوان پارە بنێرن، لە کاتێکدا ئەو داهاتە بە ٨٠٠ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.


نزیکەی ٥٠ رۆژ بەسەر دابەش نەکردنى مووچەى مانگى چوارى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تێدەپەڕێت، تائێستا ئاسۆى مووچەى مانگى پێنجیشیان دیار نییە و حکومەتی کاربەڕێکەر سەرەڕاى ئەوەی داهاتێکی زۆری ناوخۆى لە بەردەستدایە بەڵام ئامادە نیە بیدات بە مووچە.

بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانى خۆیان، حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە ٤٤٧ ملیار دینار داهاتی هەیە، ئەمە جگە لە داهاتی نەوتی قاچاخ کە ٣٥٠ ملیار دینارە، بەمەش حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە نزیکەی ٨٠٠ ملیار دینار داهاتی دەست دەکەوێت.

ئەمە جگە لەوەی کە مانگانە لەلایەن هاوپەیمانانەوە مووچەی لیوا هاوبەشەکانى پێشمەرگە دابەش دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو هێزانەى کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و مووچەیان وەرنەگرتووە، لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە مانگانە پێویستیان بە نزیکەی ٣٣٠ ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر زۆر لەوە زیاتر داهاتى دێتە دەست و نایدات بە مووچە و چاوى لەدەستى بەغدایە پارەى بۆ بنێرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان هەمیشە لە ئەرکدان و پاراستنی سنوور و ئاسایشى هەرێمیان لە ئەستۆدایە، هەرکاتیش شەڕ هەبووبێت حکومەتی کاربەڕێکەر مووچەکەى پێش خستوون و لەدواى تەواوبوونى شەڕیش لەبیرى کردوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکرد، ئەمریکا و هاوپەیمانان پێیان راگەیاندوون، ئەگەر بێت و تا ساڵی ٢٠٢٦هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لەچوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە یەکنەخرێنەوە و نەکرێت بە هێزێکى نیشتمانى نا حزبى، ئەوا هاوکارییەکانیان کە بریتییە لە نزیکەى ٢٥ ملیار دینارى مانگانە رادەگرن.













گەلەری