سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی: هیچ تووشبوویەکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێم نییە

PM:07:50:26/05/2024

2148 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا هیچ تووشبوویەکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێم نییە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا تەنها دوو تووشبووی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆمار کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دوو حاڵەتەی کە تۆمارکراون، دوو ھاوڵاتی دانیشتووی قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دھۆک بوون، پیاوێک و ژنێک کە ھەردووکیان ئەندامی یەک خێزان بوون، ژنەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست و جێگیربوونی تەندروستی لە نەخۆشخانە دەرکرا، بەڵام پیاوەکە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا هیچ تووشبوویەکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٧ـی ئایار وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣٩ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار کراوە لەگەڵ پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و تووشی نەخۆشیەکەی دەکات. دیارترین نیشانەکانیشی بریتییە لە: تای بەرز، ئازاری جەستە بەگشتی و بەتایبەت لە مل و پشتدا، تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە کە لە قۆناغى یەکەمدا لە ماوەى نێوان سێ بۆ حەوت رۆژدا نیشانەکان لە کەسى تووشبوودا دەردەکەون.

دواتر، لە قۆناغەکانی کۆتاییدا خوێنبەربوون دەستپێدەکات، بە جۆرێک خوێن لە دەم و لووتی نەخۆشەکە بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێنبەربوون دەردەکەوێت.

موراد ئەحمەد – هەولێر













گەلەری