سەردێڕ:

کشتوکاڵی عێراق: دەست بە هەناردەکردنی بەرهەمی تەماتە و پەتاتە دەکەین

PM:05:17:26/05/2024

1136 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی تەماتە و پەتاتە، دەست بە هەناردەکردنی ئەو دوو بەرهەمە کشتوکاڵییە دەکەن بۆ وڵاتانی دراوسێ.


ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەگوێرەی رێژەی بەرهەمهێنانیان لە ناوخۆدا، بڕیار لەسەر راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان یاخود هەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی دراوسێ دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کراوە، بە پشتبەستن بە بەرنامەی ساڵنامەی کشتوکاڵی، تیمەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە سەرجەم پارێزگاکاندا چاودێری عەلوە و جوڵەی بازاڕەکان دەکەن بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر راگرتنی هاوردەکردن یاخود هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانیدا، بڕیاردراوە بە راگرتنی هاوردەکردنی پەتاتە و دەستکردن بە پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە بۆ وڵاتانی دراوسێ. وتیشی، "بەهەمان شێوە لە بەرهەمهێنانی تەماتە گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و کار لەسەر ئەوە دەکەین دەرگای هەناردەکردن بۆ ئەو بەرهەمەش بکەینەوە".

ئەوەشی خستە روو، ئامانج لە راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی عێراق، کۆنتڕۆڵکردنی نرخی بەرهەمەکانە لە بازاڕەکاندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی بەرهەمی ناوخۆوە، بڕیاریانداوە هاوردەکردنی پەتاتە بۆ ماوەی ساڵێک رابگرن لەگەڵ راگرتنی هاوردەکردنی خەیار و تەماتە و پیاز و کولەکە و شوتی و کاڵەک بۆ ماوەی وەرزی ئێستا.













گەلەری