سەردێڕ:

دوو هەفتەیە جوتیارانی نەوجول دژی رێگریکردن لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان گردبوونەتەوە

PM:04:00:26/05/2024

1024 جار خوێندراوەتەوە

دوو هەفتەیە جوتیارانی نەوجول دژی رێگەگرتن لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان گردبوونەتەوە، وەک خۆیان دەڵێن، رێگەیان نادەن بەرهەمەکانیان بگوازنەوە، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێش دەڵێت، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێی راگەیاندووە کێشەی وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیارەکان چارەسەر کراوە.


ساغنەکردنەوەی بەرهەمی دانەوێڵەکانیان، ماوەی دوو هەفتەیە جوتیارانی نەوجولی لە ژێر خێمەی ناڕەزایەتی کۆکردووەتەوە و سەرجەمیان یەک داواکارییان هەیە.

بەشێک لەو جوتیارانە بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، بە بیانویپێنەدانی مۆڵەتی سایلۆکانی دووزەوە، ناتوانن دانەوێڵەکانیان بگوازنەوە، لە کاتێکدا، هەندێک لە بازرگانە دەستڕۆیشتووەکان بە پێدانی پارە و کڕینی مۆڵەت، دانەوێڵەکانیان ساغ دەکەنەوە بەناوی جوتیارانی سنورەکەوە.

هەندێک لە جوتیاران تاوەکو ئێستا دەستیان بە دروێنە نەکردووە، وەک خۆشیان دەڵێن، هاوردەکردنی ئەو هەموو دانەوێڵە بە رێگەی نایاسایی، زیان لە ئەوان دەدات و دانەوێڵەکەیان ساغ نابێتەوە.

هاوکات، ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە، کەس ناتوانیت رێگرییان لێ بکات و کێشەکەیان چارەسەر بووە.

جوتیاران باس لەوەش دەکەن، لە ماوەی دوو هەفتەی گردبوونەوەکانیاندا، هیچ یەکێک لە نوێنەر و بەرپرسە کارگێڕی و حکومییەکانی پارتی و یەکێتی لە سنوورەکە پێچەوانەی بانگەشە و بەڵێنەکانیان، بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتوون.













گەلەری