سەردێڕ:

کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری لەسەر ئەرکی خۆیان دووکانەکانیان نۆژەن دەکەنەوە

PM:02:33:26/05/2024

1272 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر و چەند بەڵێنێکی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە، دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری لەسەر ئەرکی خۆیان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەن. دەشڵێن، "بەهۆی بێئومێدبوونمان لە بەڵێنەکانی حکومەت، لەسەر ئەرکی خۆمان بازاڕەکە نۆژەن دەکەینەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، دوای ئەوەی چەندین بەڵێنیان پێدرا و لیژنەیەکیان ناردە دوکانەکانیان کە ئاماری زیانەکان وەردەگرن بۆ قەرەبووکردنەوەیان، بەڵام بەڵینەکان و قەرەبووەکانیان لەسەر کاغەزدا ماوەتەوە.

ئەوەشیان خستە روو، لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان هەستاون بە نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانیان و هەوڵیش دەدەن لە رۆژی یەکشەممەوە بازاڕەکە بەڕووی هاوڵاتیاندا بکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ٥ـی ئەم مانگە، ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بەر دووکانداران و کاسبکارانی بازاڕەکە کەوت، لە ماوەی پێنج مانگی رابردووشدا، ٥٠٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمارکراوە.













گەلەری