سەردێڕ:

راوێژکاری سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: لەمڕۆوە نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت

AM:10:29:26/05/2024

2860 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی نرخی دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو ١٦٥ هەزار، رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی دۆلار چڕترکرانەوە و لەئێستاشدا بەپێی ئەو هەنگاوانەی گیراونەتە بەر، نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت و لە نرخی فەرمی نزیک دەبێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی دۆلاری بازاڕی ناوخۆ هاوتەریب یاخود نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی و بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری نوێ دەگیرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە بەهەمان شێوەی رابردوو، هاوکاردەبێت لە شکاندنی بەربەستی ١٦٥ هەزار دینار و ١٥٠ هەزار دینار کە لەماوەکانی رابردوودا دۆلاری کاش لە بازاڕەکانی ناوخۆدا زیاتر لە ٣٠ هەزار دینار جیاوازی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو جیاوازییە دابەزیوە بۆ ١٤ هەزار دینار.

نرخی دۆلار دەبێتە ١٣٢ هەزار دینار؛

ئەو راوێژکارە داراییە ئەوەشی خستەروو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی پابەندبوونی بانکەکان بە لیژنەی چاکسازی و پلانە دارێژراوەکانی بانکی ناوەندی . نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو دەبینێت.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ پابەندبوونی بانکەکاندا دەستدەکرێت بە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆش و دابینکردنی سەکۆکانی تایبەت بە بازاڕی ناوخۆ کە سەرجەم مامەڵە داراییەکانیان لە رێگای دینارەوە دەبێت. وتیشی، "عێراق هەوڵدەدات کە پشتپێبەستنی ناوخۆ بە دینار بەرزتربکاتەوە لەوەی لە ئێستادا هەیە بەوەش نرخی دۆلار لەمەودوا بەرزبوونەوە بە خۆیەوە نابینێت".













گەلەری