سەردێڕ:

زیاتر لە ١٠ کاتژمێرە سەرۆک کۆماری ئێران بێ سەروشوێنە؛ دوایین زانیارییەکان چین؟

PM:11:36:19/05/2024

5940 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە ١٠ کاتژمێرە سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەریان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان لە ئەنجامی نالەباری کەشوهەواوە ونبوون و تیمەکانی فریاگوزاریش بەردەوام سەرقاڵی گەڕانن بەدوایاندا و بەپێی میدیا جیهانییەکانیش، تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، هەریەکە لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ محەمەد عەلی ئالهاشم نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات و مالیک رەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵات بەشدارییان کرد لە کرنەوەی بەنداوێک لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە سنووری نێوان ئێران و ئازەربایجان.

ئاماژە بەوەش کرا، لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە و گەڕانەوەی بەرپرسانی ئێران بە سێ هێلیکۆپتەر، لەرێگای گەڕانەوەدە یەکێک لەو هێلیکۆپتەرانەی کە ئیبراهیم رەئیسی و حوسێن ئەمریعەبدولهەیان و شاندی یاوەریان لەگەڵ بوو بەهۆی نالەباری دۆخی کەشوهەواوە دیار نەما و پەیوەندی لەگەڵیاندا پچڕا.

بەشێک لە میدیاکان دەڵێن، هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی کەشوهەوای سەختەوە لە نێوان گوندی ئاوزی و پیرداوددا ناوچەی دیزمار کە ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانییە لە باکووری ئێران، یاخود لە شاری جولفا کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و ئازەبایجان کەوتووەتە خوارەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.

لای خۆیەوە، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوام سەرقاڵی گەڕانن بەدوای هێلیکۆپەتەرەکەی سەرۆک کۆماردا، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و تەمەوە دۆزینەوەیان قورسە و کاتی دەوێت.

هەروەها لەبارەی رووداوەکەوە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی، " لە خودای مەزن دەپاڕێینەوە کە سەرۆکی ئازیزمان و هاوەڵانی بە تەندروستی تەواوەوە بگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی میللەت ".

باسی لەوەش کرد، نابێت گەلی ئێران نیگەران بن، چونکە هیچ پەککەوتنێک لە کارەکانی وڵاتیدا روو نادات.

هەروەها مانگی سووری ئێران لە دوایین زانیارییەکاندا لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، سەرجەم ئەو هەواڵانە رەت دەکەنەوە کە گوایە پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی دۆزرابێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، بەهۆی هەستیاری دۆخی کەشوهەوا لەو ناوچەیەی رووداوەکەی تێدا روویداوە و لەپێناو خێراکردنی ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدوای هێلیکۆپەرەکەدا، تیمەکانی فریاگوزارییان بۆ ٦٥ تیم زیاد کردووە.

هاوکات، بەپێی زۆرێک لە میدیا جیهانییەکان و وتەی بەرپرسانی ئێران، تاوەکو ئێستا گەڕانی چڕ بەدوای ئەو هێلیکۆپتەرە بەردەوامە کە ئیبراهیم رەئیسی و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیانی تێدا بوو.

ئیبراهیم ڕەئیس ساداتی ناسراو بە ئیبراهیم رەئیسی لە ١٤ـی كانونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ لە شاری مەشهەد لەدایكبووە و یەكێكە لە سەركردە سیاسییەكانی ئێران و هەشتەمین سەرۆک كۆماری ئێرانە كە لە ساڵی ٢٠٢١ ـەوە بە هەڵبژاردن ئەو پۆستەی وەرگرتووە .













گەلەری