سەردێڕ:

رێکخراوی کرێکاران؛ نەبوونی ئامڕازی سەلامەتی هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی کرێکارانە

PM:03:00:27/04/2024

632 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکارەکان بۆ نەبوونی ئامڕازی سەلامەتی دەگەڕێتەوە لە پرۆژەکاندا و تا ئێستاش پێویستییەکان بۆ پاراستنی ژیانی کرێکاران لە ئاستی پێویستدا نییە. دەشڵێت، "لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا شەش کرێکار گیانیان لەدەستداوە".


ئەمڕۆ شەممە، عوسمان زیندانی، سەرۆکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی هەرێم لەبارەی مەرجی سەلامەتی پرۆژەکانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا گیانلەدەستدانی کرێکار لە کاتی کارکردنیدا بەردەوامی هەیە بەهۆی نەبوونی ئامڕازی سەلامەتی و لیژنەی سەلامەتی لە پرۆژەکاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەی سەلامەتی و تیمی فریاگوزاری لە ١٪ـی پرۆژەکاندا بوونی هەیە و ئەوەش هۆکارە بۆ زیادبوونی رێژەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران. وتیشی، " ئەو ئامڕازانەی کە کرێکارانی هەرێم بەکاری دەهێنن سەلامەتییان تێدا نییە و ئەوەش مەترسی گیانلەدەستدانیان زیاتر دەکات".

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا شەش کرێکار بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە پرۆژەکاندا گیانیان لەدەستداوە و بە تێکڕاش لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٥٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی تەندروستی و کرێکارانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە سێ هەزار کرێکار بەهۆی نەبوونی ئامرازی سەلامەتی لە پرۆژەکاندا بریندار بوون و بەشێکیشیان برینەکانیان سەخت بووە.













گەلەری