بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ مانگی شوبات ٢٩ رۆژ بوو، ئەمڕۆ ٢٠ی ئازار، یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەستپێدەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی ساڵنامەی کوردی "کە دەکاتە ساڵی ٢٧٢٤ی کوردی". لە ساڵنامەی کوردیدا یەکەم مانگ بە جەژنی نەورۆز دەستپێدەکات و ناوی خاکەلێوەیە.
ساڵانە بەشێوەیەکی گشتی لە ٢١ی ئازار؛ کە هاوتایە بە ١ی خاکەلێوە یان نەورۆز، دەستپێکی وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆزە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی مانگی شوبات ٢٩ رۆژ بوو لە ساڵنامەی زایینیدا، کەواتە ٢٠ی ئازار لە ساڵنامەی کوردیدا دەبێتە دەستپێکی وەرزی بەهار.
لەوبارەیەوە ئەژی چەتۆ سەرۆکی
رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی ئازار، لە رووی فەلەكییەوە
دەبێتە دەستپێكی وەرزی بەهار لە نیوەگۆی باکووری زەوی بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
ئەژی چەتۆ نووسیویەتی، بە پێوانە
فەلەكییەكان، کاتژمێر ٦:٠٦ خولەکی بەیانی رۆژی چوارشەممە، زەوی دەگاتە یەكێک لە خاڵە
هەرە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دوور و درێژی خولانەوەی بەدەوری خۆر، ئەویش خاڵی
(هاوسەنگبوونی بەهاریی) (Vernal Equinox) ە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسانبوونی تەواوی
ماوەی نێوان شەوو رۆژ بۆ ١٢ بە ١٢ كاتژمێر دەگەیەنێت.
دەشڵێت، (هاوسەنگبوونی بەهاریی)
یان (Vernal Equinox) لە ٢٠ یان ٢١ یان بە دەگمەن لە ٢٢ی ئازاری هەموو
ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، تیشكی خۆر تیایدا بە شێوەیەكی ٪١٠٠یی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)،
چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی ٢٣
پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لاربوونەوە و ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی
باكوور و باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن
و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوەو كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن. ئابەم شێوەیە، لەنیوەگۆی
باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی
باشووردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.
جەژنی نەورۆز
٢١ی ئازار؛ لە کوردستان بە چەندین
چالاکی جۆراوجۆر ئاھەنگی ھاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی بەرز رادەگیرێت و
ئاگری نەورۆز لە ھەر شار و شارۆچکەیەک بە شێوازێک رۆشن دەکرێت. بەدەر لە کوردستانیش
لە وڵاتانی دیکەش کوردەکان ئەو ئاهەنگە دەگێڕن، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی جەژنی نەورۆز
کەوتووەتە مانگی رەمەزانەوە، بەشێوەیەکی گشتی لەدوای بەربانگ کردنەوەوە ئاگر کە
هێمانی جەژنی نەورۆزە دادەگیرسێنرێت.
بەهار و نەورۆزی ئەمساڵ
جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بەدەر لە مانگی رەمەزان، لە کەشێکی باراناویدایە و
لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دروستبووە.
ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، کە
لە ئاکرێ وەک ساڵانی رابردوو ئامادەکاری زۆر کرابوو، بەڵام بەهۆی لافاو و بارانەوە
تەنها ئاگر دادەگیرسێنرێت و یری ئاگرین دەتەقێنرێت، ساڵانە وەک نەریتێک لە قەزای ئاکرێ سەدان کەس بە جلی
کوردییەوە مەشخەڵ دەگرن بە دەستیانەوە و ئاگر لەبەردەم قشلا ئاکرێ هەڵدەکەن و دەیبەنە لوتکەی چیای تیشی، دواتر
بە رێپێوان دەچنە سەر دوو چیای تر کە ئەوانیش چیاکانی کەلها ئاکرێ و کەلها کەڤن'ن. هاوکات، یاری ئاگرینیش لە سەرێ گری و سەر لوتکەی هەر سێ چیاکەش دەتەقێنرێن.
ساڵنامەی کوردی و مێژووی
سەرهەڵدانی جەژنی نەورۆز
ساڵی کوردی؛ ئەو ساڵەیە کە بە
تەباترین ساڵ لەگەڵ سروشت ناودەبرێت؛ بە جۆرێک ناوی هەر وەرزێکی هاوتای کەش و دۆخەیەکەتی،
نەورۆزیش کە لە ساڵی کوردیدا بە یەکەم رۆژی بەهار و شکانی سەرماو سۆڵە و دەستپێکی
ساڵەکە دادەنرێت، مێژوویەکی کۆنی هەیە و هەندێک توێژینەوە کە لەبارەی سەرهەڵدانی نەورۆزەوە
ئەنجامدراون باس لەوەدەکەن، جەژنی نەورۆز کۆنترین جەژنی مرۆڤە لەسەر زەوی. بەپێی ئەو
لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە
ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن.
لەو بارەیەشەوە خەسرەو جاف بیرمەند
و نووسەری کورد پێشتر لە بەرنامەی تاوتێی ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوەکردبوو، بۆ یەکەمجار
لە کوردستاندا ئاگری نەورۆز کراوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا زیاتر لە پێنج بۆ
شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر سەر زەوی کەش ساردتر بووە، بەتایبەت زنجیرە چیاکانی زاگرۆس
کە ترۆپکی سەرما بووە و کاتێک سەرما هاتووە، خەڵک ترسی زستانی لێنیشتووە و بەتەمای
دووبارە ژیان نەبووە، زنجیرە چیاکانی زاگرۆسیش زنجیرەیەکی درێژە و کە بەفر باریوە
ئەوانەی لەسەر چیاکاندا ژیاون ترسیان لێنیشتووە، کاتێک سەرەتا دەبینن ئاو دزەیکردووە
و بوژاوەتەوە، ئەوا ئاگریان کردووەتەوە لەسەر لوتکەی چیاکە و ئەوانی دیکەش لە دوورەوە
بینیویانە، بەوەش موژدەی ئەوە دراوە کە لە سەرما و لە مەرگ رزگاریان بووە، کە ئەوە
پەیوەندی بە بابەتێکی جوگرافییەوەیە.
دواتر ئەمە وەک نەریتێک دێژەی
کێشاوە و دەستپێکی وەرزی بەهار و نەورۆز بە ئاگر کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا کە ئاگر
ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە.
نەورۆز بەدەر لەوەی کۆنترین
جەژنی مرۆڤە لەسەر زەوی کە گێڕدرابێت، کوردەکان و ئەو نەتەوانەی رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە
بۆ کورد، لە چەندین ناوچەی جیاوازی جیهانەوە یادی دەکەنەوە.
لە ساڵی ٢٠١٠دا، نەورۆز لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بڕیارنامەیەکدا راگەیەنرا و داواش لە وڵاتان کرا، کە هانی هاوڵاتییانیان بدەن بۆ گێڕانی ئاهەنگ و یادکردنەوەی ئەو رۆژە.
خەسرەو جاف بیرمەند و نووسەری
کورد دەشڵێت، "نەورۆز پەیوەندی بە هیچ جۆرە چیرۆک و ئەفسانەیەکەوە نییە کە
دروستکراوە و پەیوەستە بەو دۆخە جوگرافییەوە، کە چەندین جار لە توێژەری فارسم بیستووە،
باسیان لەوەکردووە، لە بابەتی نەورۆزدا زوڵم لە کورد کراوە".
نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی
تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەموو شوێنەکانی کوردەواریدا ئەم جەژنە بەڕێوە
دەچێت و زۆرێک لە گەلان و نەتەوەکانی دیکەش یادی دەکەنەوە. یەکەم نووسەری کوردیش کە
بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێت ئەحمەدی خانی بووە. زۆرێک شاعیرانی تری
کوردیش ھۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە.
هـ.ئـ