سەردێڕ:

نەوەى نوێ لە دەنگدانى گشتیدا یەکەمى سلێمانیى و دووەمى هەولێرە

PM:01:45:11/10/2021

420012 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجامە بەراییەکانى دەنگدانى گشتیى هەڵکشانى دەنگەکانى جوڵانەوەى نەوەى نوێى ئاشکرا کرد و بەگوێرەى ئەنجامەکان جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە دەنگدانى گشتیدا یەکەمى سلێمانیى و دووەمى هەولێرە.


ئەنجامى دەنگدانى گشتیى دەریخست لە کۆی چوار بازنەی هەولێر، کاندیدەکانی نەوەی نوێ لە سیانیان یەکەمن و پارتی لە یەکێکیان یەکەمە. بۆ نموونە لە بازنەیەکى هەڵبژاردن لەشارى هەولێر، محەمەد ئیسماعیل کاندیدى نەوەى نوێ ٢٥ هەزار دەنگى بەدەستهێناوە و یەکەمى بازنەکە بووە.

هەروەها لە کۆی پێنج بازنەی سلێمانی، کاندیدەکانی نەوەی نوێ لە چواریان یەکەمن و یەکێتی لە یەک بازنە، لە بازنەى ٢دا بەدریە ئیبراهیم کاندیدى نەوەى نوێ زیاتر لە ١٥ هەزار دەنگى هێناوە و بە ئەندازەى دوو کاندیدى یەکێتى لەو بازنەیە دەنگى بەدەستهێناوە.

هەروەها لە بازنەى ٥، مۆفەق حسێن کاندیدى نەوەى نوێ زیاتر لە ٢٠ هەزار دەنگى بەدەستهێناوە و بەئەندازەى چوار هێندەى دەنگى دوو کاندیدى یەکێتى لەو بازنەیە دەنگى هێناوە.

لە بازنەى ١، رێبوار عەبدولرەحمان کاندیدى نەوەى نوێ ١٥ هەزار دەنگى هێناوە ئەمە لەکاتێکدا کاندیدەکانى پارتى و یەکێتى و یەکگرتوو بە هەر سێکیان لەو بازنەیە تەنها ١٩ هەزار دەنگیان هێناوە.

لە بازنەى ٤، سروە عەبدولواحید، کاندیدى نەوەى نوێ ٢٨ هەزار دەنگى هێناوە و ئەمە لەکاتێکدا لەو بازنەیەدا بە دوو کاندیدى یەکێتى تەنها ٢٦ هەزار دەنگیان هێناوە.

هاوکات جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەسنورى پارێزگاى دهۆک دەنگەکانى بووە بە دوو هێندە و لە بازنەى ٣دا ئارام حسێن کاندیدى نەوەى نوێ زیاتر لە ١٠ هەزار دەنگى هێناوە.

لە شارى کەرکوکیش، لەبازنەى ١، ئومێد محەمەد کاندیدى نەوەى نوێ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و نزیکەى ٢٤ هەزار دەنگى هێناوە.

لە ئەنجامى بەراوردى ئەم دەنگدانە بە هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠١٨دا، دەردەکەوێت دەنگەکانى جوڵانەوەى نەوەى نوێ سێ هێندە زیادى کردووە.

هاوکات، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بڵاوکراوەیەکدا پیرۆزبایى لە هاوڵاتیانى کوردستان کرد بۆ تۆمارکردنى ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بۆ جوڵانەوەى نەوەى نوێ و رایگەیاند "ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی میللەتە و دەنگەکانتان ئەمانەتە لە گەردنمان، نە بازرگانی پێوە دەکەین و نە هیچ مامەڵەیەک."

دوێنێ یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ دەنگدانی گشتیی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیاندا.













گەلەری