سەردێڕ:

رێژەی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری رابردوو بڵاوکرایەوە؛ کوێ زۆرترین بارانی لێباریوە؟

AM:11:56:15/02/2024

5424 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم ئاماری باران بارینی ٢٤ کاتژمێری بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، زۆرترین رێژەی باران بارین لە ناوچەی شێلادزێ و بجیلی سەر بە پارێزگای دهۆک بووە و بڕی ١٢٤.٥ و ١٢١ ملیمەتر باران باریوە، کەمترین رێژەی باران بارینیش لە لە کەلار بووە و بڕی ١٠ ملیمەتر باران باریوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە گوێرەی ئاماری باران بارینی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، لە سەنتەری شاری سلێمانی ٣٤.٤ ملیمەتر باران باریوە و زۆرترین رێژەی باران بارینیش لەو دەوروبەری ئەو شارە لە ناحیەی یاخسەمەر بووە بە شێوەیەک بڕی ٧٧.١ ملیمەتر باران باریوە.

هەر بە گوێرەی ئاماری کەشناسی هەرێم، لە سەنتەری شاری هەولێر ٢٣.٩ ملیمەتر باران باریوە و لە ناوچەی میرگەسۆری سەر بەو پارێزگایە زیاتر لە ١٠١ ملیمەتر باران باریوە.

هاوکات لە سەنتەری شاری دهۆک ٣٧.٨ ملیمەتر باران باریوە و زۆرترین رێژەی باران بارین لە ناوچەکانی نزیک ئەو پارێزگایە لە ناحیەی دینارتە و بێجی بووە بڕی ١٢١ ملیمەتر بووە و پاشانیش لە ناوچەی سەرسنگ و دێرەلوک ١٠٨-١١٠ ملیمەتر بووە.

جێگای ئاماژەیە، لە سەنتەری شاری هەڵەبجەش بڕی ١٨.٧ ملیمەتر باریوە و لە ناحیەی تەوێڵەش بڕی ٣١.٦ ملیمەتر باران باریوە و لە ناحیەی بیارەش ٢٠.٨ملمەتر بووە.

هاوکات سەبارەت بە رێژەی بارانبارینیش بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو شەپۆلە چڕەی کە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و بەتایبەت سنووری سلێمانی لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ چڕتر دەبێتەوە و تا چەند رۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، "لە سنوری سلێمانی ٣٣٦ ملم باران باریوە".













گەلەری