سەردێڕ:

بۆ پێنجەم مانگ لەسەر یەک؛ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران بەردەوامە

AM:10:31:14/02/2024

2484 جار خوێندراوەتەوە

بۆ پێنجەم مانگ لەسەر یەک خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و نەبوونی دامەزراندن بەردەوامە. دەشڵێن، "پێویستە حکومەتی کاربەرێکەر داواکارییەکانیان جێبەجێبکات نەوەک بێباکبێت بەرامبەریان".


ئەمرۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مافەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندانیان کرد.

هاوکات ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە ئاماژە بەوەدەکەن کە سوورن لەسەر داواکارییەکانیان کە بریتین لە پێدانی مووچە و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی. لەکاتێکدا مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدان و شەش رۆژە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک هێنراوە. ئەوە جگە لەوەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان بە بێچارەنووسی ماوەتەوە.

لە بەرامبەریشدا ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و وانەبێژان تەنها نووسراوێک نەبووە و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان لەسەر وەرگرتووە. وتیشی، "خوێندن لە سنوری سلێمانی تا رادەیەک ئاسایی بووەتەوە."

لە لایەکی تریشەوە بۆ دووەم هەفتەیە لەسەر یەک خوێندکارانی پۆلی ٩ و ١٢ لە سەیدسادق و چەمچەماڵ گردبوونەوە و دەڵێن، لە سەرەتاوە وانەیان نەخوێندووە و ئێستاش پەلە پەلیان لێدەکەن.

خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئاماژە بەوەدەکەن، "داواکارین بۆ چوونە ناو تاقیکردنەوەی نیشتیمانی، مەرجی کەوتن لە سێ وانە بکەن بە چوار وانە، هەروەها پرۆگرامی خوێندنمان بۆ کەمبکەنەوە، لەبەر ئەوەی پەروەردەکانی دیکە خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە سەرەتای ساڵەوە دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە."

ماوەی پێنج مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوامە و لە چەندین ناوچە تاوەکو ئێستا دەست بە پرۆسەی خوێندن نەکراوەتەوە و لە هەندێک ناوچەش تەنها ماوەی سێ هەفتەیە پۆلی ١٢ و ٩ دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە، کە وەک خوێندکاران باسی دەکەن، لە یەک وانەدا سێ بۆ چوار بابەتیان بۆ باسدەکرێت و فریای تێگەیشتن لە بابەتەکان ناکەون. جگە لەوەی ئەو دوو پۆلە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان هەیە.













گەلەری