وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ رێگەگرتن و کۆنترۆڵکردنی ئەو پێگە ئەلیکترۆنیانەی کە دەبنە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی پشێوی لە کۆمەڵگادا. دەشڵێت، "چەندین دۆسیەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دراوەتە دادگای تاوانە ئەلیترۆنییەکان بۆ بڕیاردان لەسەریان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەعد مان راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان ولایەنە پەیوەندیدارەکان چەند هەنگاویک نراوە بۆ چاودێری کردنی سەرجەم تۆڕەکۆمەڵایەتی و پێگەکان لە عێراقدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی
تەواوی ئەو دەستەواژە و وێنانەی کە لەرابردوودا بوونەتە هۆکاری ئەنجامدانی تاوان لە
ئێستادا تەواوی دۆسییەکان دراونەتە دادگای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بۆ بڕیاردان لەسەر
بەشێک لە پێگە و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.
باسی لەوەش کرد، لەچوارچێوەی هەنگاوەکاندا تاوتوێی ئەوە
کراوە کە لە رۆژانی داهاتوودا هەر پێگە و کەسێک هەڵبستێت بە بڵاوکردنەوەی دەستەواژەیەک
کە کاریگەری نەرێنی جێبهێڵێت لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا بەمەبەست بوبێت یاخود بێ مەبەست
رووبەرووی یاسادەکرێتەوە. دەشڵێت " سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون
بۆ لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بەکاریگەریی بڵاوکراوەکان لە پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوو هەفتەی رابردوودا، وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی
وەزارەتی پەیوەندی و هێڵەکانی عێراق بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی بیرکردنی
توندڕەوی لە مناڵاندا چەند پێگەیەکی دیاریکراو و یاری پەبجی بلۆککرد.