سەردێڕ:

تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ لە سلێمانی دواخران

PM:05:21:01/02/2024

27616 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی لەو قوتابخانەنەی بایکۆتیان تێدا کراوە ٤٥ رۆژ دواخراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر داوای خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە سلێمانی بڕیاردراوە وادەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی لەو خوێندنگانەی کە بایکۆتیان تێدا کراوە بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ درێژ بکرێتەوە.

هاوکات، خوێندکارانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی لە سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایانگەیاند، لەسەر داوای خوێندکارانی پۆلی ١٢، وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو کاتەی خوێندنیان کە فەوتاوە، وەزیری پەروەردە بڕیاریداوە بە ٤٥ رۆژ درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن بۆیان بۆ ئەوەی مەنهەجی خوێندنیان تەواو بکەن.

ئاماژەیان بەوەش کرد، رۆژی ٣ـی مانگی هەشت تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەو خوێندنگایانەی کە وانەکانیان نەفەوتاوە لە کاتی خۆیدا ٣ـی مانگی شەش تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەنجام دەدەن.

هەر لەو بارەیەوە چاوگێک لە وەزارەتی پەروەردەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە، پۆلی ١٢ـی ئەو خوێندنگایانەی کە خوێندن تیایدا دوانەکەوتووە لە کاتی خۆی تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەو خوێندنگایانەی کە خوێندن تیایدا دواکەوتووە و بایکۆت بووە، لە ٣ـی مانگی ٨ تاقیکردنەوەی وزاری خولی یەکەم ئەنجام دەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دەوامکردنی خوێندکارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری دواکەوت ، بەهۆی ئەوەی مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و کۆیە و راپەڕین ماوەی پێنج مانگە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە بەهۆکاری دواکەوتنی موچەکانیان و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە.

هاوکات شانبەشانی مامۆستایان لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا خوێندکارانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە سەرشەقامەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەوەی خوێندنیان کە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە فەوتاوە.


 













گەلەری