هەندێک کەس بەهۆی خووەکانی پێش نووستنەوە، بەبێ گرفت زوو لەخەو هەڵدەستن، کە بریتین لە دوورکەوتنەوە لەو شتانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی شێوازی نووستنیان، هەندێک کەسیش بەهۆی چەند خوویەکی خراپەوە سودێکی ئەوتۆ لە خەوەکەیان نابینن.
بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "هاک سپیریت" بڵاویکردۆتەوە، ئەمانە گرنگترین ئەو خووانەن کە دەبێت پێش خەوتن ئەنجامیان نەدەیت:
١. ژەمە درەنگەکان: لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە کە خواردنی بڕێکی زیاتر لە چەوری و کالۆری لە شەودا دەبێتە هۆی خەوێکی ناهاوسەنگ، ئەمەش بۆ هەردوو رەگەز پیاو و ژنیش دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە لە نیوەی شەودا خۆت بەدوور بگرێت لە خواردنی تەنانەت ژەمە سووکەکانیش.
٢. خواردنی کافاین: بەگوێرەی دامەزراوەی خەو، خواردنەوەی خواردنەوە کافاینییەکان کاتەکانی خەوتن کورت دەکاتەوە، شارەزایان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە دوایین کوپ قاوە لانیکەم شەش کاتژمێر پێش خەوتن بخۆرەوە.
٣. وەرزشکردن پێش خەوتن: هەرچەندە وەرزشکردن زۆر باشە بۆ تەندروستی گشتی، بەڵام وەرزشکردنی نزیک لە کاتی خەوتن دەتوانێت کاریگەرییەکەی پێچەوانە بێت بۆ خەوێکی ئارام.
٤. کاتی خەوتنی ناڕێک: جەستەی مرۆڤ پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە، بەو پێیەی لەسەر پێکهاتە گەشە دەکات و کاتژمێری ناوەوەی خۆی هەیە کە بە ریتمی رۆژانە ناسراوە، کاتژمێری بایۆلۆجی باشترین وەڵامی خشتەی خەوتنی ئاسایی دەداتەوە، بۆیە بە خشتەی خەوێکی دیاریکراو، جەستە بە شێوەیەکی سروشتی خۆی دەگونجێنێت و لە کاتی گونجاودا هەموو رۆژێک دەست دەکات بە هەستکردن بە ماندوێتی.
٥. زیادەڕۆیی لە کات بەسەربردن لە بەردەم شاشە: یەکێکی تر لەو خووانەی تر کە دەبێت نەهێڵرێن ئەگەر کەسێک بیەوێت لە خەو هەڵسێت و هەست بە تازەبوونەوە بکات بریتین لە گەڕان بە مۆبایلە زیرەکەکان، سەیرکردنی تەلەفزیۆن، خوێندنەوە لەسەر تابلێت، یان هەر شتێک کە پەیوەندی بە شاشەکانەوە هەبێت بە رووناکی شین، کە رێگری دەکات لە بەرهەمهێنانی "میلاتۆنین" ئەو هۆرمۆنەی کە خەو رێکدەخات.
٦. خەوتن لە ژوورێکی پەرش و بڵاودا: باشی کوالێتی خەو تەنها بەوە نابێت کە رزگارت بێت لە نائارامی دەروونی، رەنگە لە راستیدا مرۆڤ پێویستی بە هەندێک پاککردنەوەی بەربڵاویی ژینگەی دەوروبەری هەبێت، ئەگەر ژینگەی خەوتن رێک و پێک و ئارام بێت، مرۆڤ دەتوانێت خەوێکی باش بەدەست بهێنێت و بەم شێوەیە بە تازەیی لە خەو هەڵدەسێت.