سەردێڕ:

بەهۆی دوو رووداوی هاتوچۆ لە کەرکوک شەش کەس بریندار بوون

PM:05:10:26/01/2024

5476 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەمێک بەر لە ئێستا لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک دوو رووداوی هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون.


ئەمڕۆ هەینی، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتوون، لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل روویداوە.
هاوکات، پاش ئەوەی رووداوی یەکەم لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویداوە قەرەباڵغییەکی زۆر لەو شوێنەدا دروستبووە بەهۆیەوە بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێڵێکی دیکەدا و رووداوی دووەم روویداوە. بەپێی زانیارییەکانیش، لە ئەنجامی هەردوو رووداوەکەدا شەش کەس برینداربوون. 

رۆژی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران رایگەیاند، رووداوێکی ھاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە قەزای خەلیفان نزیک قەپان روویداوە و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون.

رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە هەرێمدا دادەنرێت و هەندێک جار کەمئەندامبوونی لێدەکەوێتەوە، هاتوچۆش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ و خێرایی دیاریکراوی شەقام ببن و بەشێکی شۆفێرانیش باس لە خراپی رێگاو بانەکان دەکەن کە هاوکاری شۆفێر نییە لە کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخدا.


سۆران محەمەد – کەرکوک













گەلەری