وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، خاوەن پڕۆژە بچوکەکان دەتوانن قەرزی بچوک بە بڕی ٢٠ تا ٥٠ ملیۆن دینار بۆ تەواوکردن و فراوانکردنی پڕۆژەکانیان وەربگرن بۆ ماوەی پێنج ساڵ. دەشڵێت، " لەکاتی گەڕاندنەوەی؛ قەرزەکە هیچ سوودێکی ناچێتە سەر".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەسەن عەبدولخەلیل بەڕێوەبەری سندوقی نەختینەی پڕۆژەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بە مەبەستی فراوانکردنی پڕۆژە بچوکەکان و جوڵاندنی یەکە ئابوورییەکان وەزارەتی کار بڕی ٣٧٥ ملیار دیناری تەرخان کردووە.
ئاماژەی
بەوەش کرد، تەواوی خاوەن پڕۆژە بچوکەکان کە تەمەنیان لە نێوان ١٨-٥٥ ساڵدایە دەتوانن
داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی قەرزی پێنج ساڵە بەبێ ئەوەی هیچ سودێکی بچێتە
سەر لەکاتی گەڕاندنەوەی قەرزەکە.
وتیشی،"
مەرجە ئەو کەسەی داوای قەرز دەکات ناوی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار
کرابێت یاخود لە هیچ دامەزراوەیەکی حکومیدا دانەمەزرابێت".
باسی لەوەش
کرد، ئەو قەرزەی تەرخان دەکرێت بۆ پڕۆژەکان لە نێوان ٢٠ تا٥٠ ملیۆن دیناردایە و لە
هەوڵیشدان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی قەرزەکە بۆ ٨٠ ملیۆن دینار تا ئاستی گەشەکردنی
ئابووری لە وڵاتدا بگاتە ئاستێکی باڵا.
ئەوەش لە
کاتێکدایە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییەکانی
نشینگە و خانوبەرەی عێراق لە یەک دوو مانگی رابردوودا رایگەیاند، هاوڵاتیان دەتوانن
سوود مەندبن لە وەرگرتنی قەرزی خانوبەرە کە زیاتر نەبێت لە ١٥٠ ملیۆن دینار بۆ ماوەی
٢٠ ساڵ بەبێ هیچ سودێک لە کاتی گەڕانەوەی
قەرزەکانیاندا.