سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: ئەوانەی بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستن نەوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵن

PM:02:02:24/12/2023

56000 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی؛ ئەو کەسانەی بەیانیان بەبێ هیچ بەئاگاهێنانەوە و هۆکارێک زوو لە خەو هەڵدەستن بەشێک لە DNAـی بۆماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵیان تێدایە.


بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی کە لە ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەری ئەڵمانیدا بڵاوکراوەتەوە، زانایان توێژینەوەیەکیان لەسەر بۆماوەی ئەو کەسانەی بەیانیان بەشێوەیەکی خۆرسک زوو لە خەو هەڵدەستن ئەنجامداوە و دەرکەوتووە کە ٢٪ـی بۆماوەی ئەو کەسانە هاوشێوەی بۆماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵەکان بووە کە هەزاران ساڵە لە ژیاندا نەماون.

لە توێژینەوەکەدا ئەوەش ئاماژە پێکراوە، ئەو رێژە کەمەی DNAـی کە هێشتا لە جەستەی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەدا هەن یارمەتیدەرن لە دابەزاندنی چەوری و بەرەنگاربوونەوەی ژمارەیەک ڤایرۆس لە جەستەدا.

باس لەوەشکراوە، ئەوە وادەکات جەستە بەردەوام ڤیتامین D بەرهەمبهێنێت هەتا ئەگەر لە شوێنێکیشدا بژیت کە تیشکی خۆر تێیدا کەم بێت.

لەلایەکی دیکەوە توێژەران ٢٤٦ بۆماوەیان لە جەستەی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا دیاریکردووە کە بەشدارن لە کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییەکانی رۆژانە.

نیاندەرتاڵەکان؛ ئەو مرۆڤە کۆنانە بوون کە نزیکەی ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش لەناوچوون، لە سەرەتاوە لە ئەوروپاوە سەریان ھەڵداوە و دواتریش بە ناوچەکانی باشووری رۆژائاوا و ناوەڕاست و باکووری ئاسیادا بڵاوبوونەتەوە.

شێوازی جەستەیان:

باڵا کورت بوون، درێژی ئاسایی رەگەزی نێریان ١٦٤ سم و مێیەکانیان ١٥٥ سم بووە و کێشی ئاسایی رەگەزی نێریان ٦٥ کیلۆگرام و مێیەکانیان ٦٤ کیلۆگرام بووە، هاوکات پێکھاتەی جەستەیان بەجۆرێک بوو کە یارمەتیدەربووە لە پاراستنی پلەی گەرمی لەشیان و بەردەوامبوون لە ژیان لە کەشوهەوای بەستەڵەکیدا.

جۆری ژەمەکانیان:

شیکردنەوەی کیمیای ئێسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەریخستوە کە ژەمی سەرەکیان گۆشت بووە وەکو گۆشتی ئاسک و دۆلفین و ماسی، جگە لەوەش ناسرابوون بەوەی کە شارەزاییەکی تەواویان لە راوکردن هەیە و هەر بەگوێرەی توێژینەوەکان دەرکەوتوە کە لەسەر ھەندێ جۆری رووەکیش ژیاون.

ژیانی کۆمەڵایەتیان:

مرۆڤی نیاندەرتاڵ ھەندێ سیفەتی لە شێوەی مرۆڤی ئاسایی بووە لەوانەش: گرینگی دان بە نەخۆش و یارمەتیدانی یەکتر.

دەست رەنگینیان:
سەرەڕای راوکردن، نیاندەرتاڵەکان کەرەستەی راوکردنیشیان پەرە پێدا، سەرەتا دار و بەرد بوو ، پاشان شاخ و ئێسکی ئاژەڵیان بەکاردەھێنا، هاوکات یەکەم کەس بوون کە جلیان لەبەرکرد و پەرەیان دا بە شێوازی چنینی جل و بەرگ لە پێستی ئاژەڵ.

هۆکاری لەناوچوونیان:

ھۆکاری لەناوچوونیان تا ئێستا روون نیە، بەڵام بۆچوونەکان دەڵێن بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەوا و ژەمە خۆراکی خراپ و یان مرۆڤی ھاوچەرخ لەناوی بردون بەھۆی جەنگەکانەوە یاخود لەڕێی زۆربوونی تایبەتەوە وە زانایان جەختەکەنەوە لەوەی کە دانیشتوانی ئاسیا و ئەوروپا رێژەیەک لە DNA ـی مرۆڤی نیاندەرتاڵیان تیایە.














گەلەری