سەردێڕ:

بەگوێرەی گروپی خوێنەکەت؛ کام جۆر خواردن بۆت تەندروستە؟

PM:11:06:19/11/2023

7348 جار خوێندراوەتەوە

بەشێوەیەكی گشتی چوار جۆر گروپی خوێن هەیە، كە بریتین لە (AB,A,B,O) بە دوو شێوەی جیاواز (- و +)، زاناكانیش دەڵێن لەرێگەی زانینی گروپی خوێنەکەتەوە دەتوانیت بزانیت کام خواردن بۆ تۆ باش و گونجاوە.


بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ماڵپەڕی بی بی سی بڵاوکراوەتەوە، جۆری گروپی خوێنەكەت كاریگەری هەیە لەسەر هەرسكردنی خۆراك لە كۆئەندامی هەرسدا، هەر بۆیە بەپێی هەر یەكێك لە گروپەكانی خوێن دەتوانرێت پێشنیاری خواردنی تایبەت بكرێت، تا بە باشترین شێوە ژەمەكانی رێكبخات.

١. جۆری خوێنی A

بۆ ئەو كەسانەی لەم گروپە خوێنەن، خواردنی سەوزە و میوە باشترینە، هەڵگری ئەم جۆرە خوێنە ئاستی ترشی لە گەدەیاندا كەمە و ناتوانن بە باشی چەوری و پرۆتینی ئاژەڵ هەرسبكەن، بۆیە پێشنیاریان بۆ دەكرێت میوە و سەوزەی زۆر بخۆن لەگەڵ پاقلەمەنییەكان، گرنگە ئەو خواردنانەش بە شێوەیەكی سروشتی و فرێش بخۆن بەبێ ئەوەی تێكەڵی هیچ شتێكی دیكەیان بكەن.

٢. جۆری خوێنی B

هەڵگرانی ئەم گروپی خوێنە بە کەسانی ئازاد دادەنرێن، واتا دەتوانن خواردنی جۆراوجۆر بخۆن، هەرچەندە خواردنەكانی، وەكو تەماتە و گەنم و گەنمەشامی و فستق دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی كێش و هیلاکی و كەمبوونەوەی رێژەی شەكری خوێن، هەروەها دەبێت خۆیان لە خواردنی مریشك بە دوور بگرن، هەرچەندە ژەمێكی سوكە بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتە و نارێكی سیستەمی بەرگری جەستەیان.

٣. جۆری خوێنی AB

ئەم گروپە دەگمەنترین و تازەترین گروپی خوێنە، تایبەتمەندییەكانی گروپی A و B هەڵگرتووە، هەڵگرانی ئەم گروپی خوێنە هاوشێوەی گروپیA رێژەی ترشەڵۆكی گەدەیان نزمە، بەڵام توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ گۆشتدا هاوشێوەی گروپی Bـە، خواردنە دەریاییەكان و هێلكە و سەوزەی گەڵاییەکان بۆ ئەم جۆرە گروپە بەسوودە، پێشنیاریان بۆ دەكرێـت كەم خۆرێكی بەردەوام خۆربن، چونكە بەم شێوازە هەرسیان چالاک دەبێت.

٤. جۆری خوێنی 0

رێژەی ترشەڵۆكی گەدەیان بەرزە و توانایەكی زۆر باشیان هەیە لە هەرسكردنی پرۆتین و چەوری گۆشتی ئاژەڵ، خواردنی رێژەیەكی زۆر لە گۆشت و ماسی و سەوزە و میوە سوودێكی زۆری دەبێـت، بەشێوەیەكی گشتی و بە ئاسانی کاربۆهیدراتەکانی وەك پاقلە و دانەوێڵە و پاقلەمەنی لەشێوەی چەوری لە جەستەیاندا هەڵدەگیرێت، هەر بۆیە واباشترە لەو جۆرە خواردنانە دوور بكەونەوە.













گەلەری