سەردێڕ:

دوای رێککەوتنەکەی ئەبوزەبی یەکەم کاروانی دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق

AM:10:17:15/11/2023

39300 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسە هەواڵییەکانی عێراق رایانگەیاند، دوای رێککەوتنەکەی ئەبوزەبی یەکەم کاروانی دۆلاری کاش بە گوژمەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق. کە پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت و ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار.


ئەمرۆ چوارشەممە، ئاژانسە هەواڵییەکانی عێراق لە زاری چاوگیکی ئاگادارەوە رایانگەیاند، بانکی ناوەندی یەکەم بڕیاری سەبارەت بە هاوردەکردنی دۆلار لەپاش کۆبوونەوەکەی ئەبوزەبی دا و رێگەی بە سێ بانک داوە کە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری کاش هاوردەبکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی بازرگانی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەکە و دەیەوێت زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن دۆلار هاوردەبکات بۆ پێداویستی هاوڵاتیان و بازاڕەکانی ناوخۆ، بەمەش ئاستی کاش لە بازاڕەکانی ناوخۆ بەرێژەی ٪٣٠٠ بەرزدەبێتەوە، لەکاتێکدا مەزادی رۆژانەی بانکی ناوەندی کە بە تێکرا ٣٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەوەشی خستەڕوو، بانکەکانی دیکەش داواکارییان پێشەکشکردووە بۆ وەرگرتنی دۆلار لە رێی بانکی ناوەندییەوە کە بانکی جەی پی مۆرگان سەرپەرشتی پرۆسەی پارەدارکردنی بانکەکانی عێراق دەکات.

هاوکات، بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێککەوتون لەسەر پارەدارکردنی ١٠ بانکی عێراق بە نەختینەی دۆلار و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی کاش لە ١٠ ملیار دۆلارەوە بۆ زیاترە لە ١٢ ملیار دۆلاری ساڵانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەکەن، ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی ئاستی دۆلاری کاش لە بازاڕەکانی ناوخۆدا لەنێوان ١٠٠ بۆ ١٢٠ ملیۆن دۆلار لە مامەڵە داراییەکان و ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار، پێشبینیش دەکەن، بەم زووانە نرخی دۆلار بگەرێتەوە بۆ نرخی فەرمی بانکی ناوەندی.


 













گەلەری