سەردێڕ:

تۆمەتبارێک بە حەوت ملیار دیناری ساختەوە دەستگیرکرا

PM:12:52:05/11/2023

2780 جار خوێندراوەتەوە

چاوگیک لە پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، کەسێک بە تۆمەتی ساختەکردنی واژووی دادوەر و بەڵگەنامەی هاوڵاتیان دەستگیر کرا کە زیاتر لە حەوت ملیار دیناریشی ساختە کردبوو.


ئەمرۆ یەکشەممە، چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک بە میدیاکانی راگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بە یارمەتی فەرمانبەرێک هەستاوە بە ساختەکردنی مۆر و واژووی دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی شارەکە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو تۆمەتبارە هەستاوە بە ساختەکردنی مامەڵەی تۆماری خانوبەرە و بەکار هینانی واژوو و مۆری بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ فرۆشتنەوە و پێدانی زەوی و بڕی حەوت ملیار دیناریشی ساختە کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ماوەی دوو هەفتە چاودێری ئەو تۆمەتبارە لەگەڵ فەرمانبەرەکەدا کراوە پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلەکانیاندا گیراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ، لە ماوەی سی هەفتەی رابردوودا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، باندێکی شەش کەسی دەستگیرکران کە بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلاریان ساختەکردبوو و دەیانویست بیبەنە دەرەوەی وڵات.













گەلەری