شەوی رابردوو رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەران لە ناوچەی هەڤنکای ناوچەی بارزان روویدا و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە گڕیگرت و نەتواندرا شۆفێرەکە رزگار بکرێت بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا، بەهۆی پۆستێکی شۆفێرەکەشەوە گوومان لەسەر گیان لەدەستدانەکەی درووستبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی ، بەشێک لە هاوڕێیانی (جیهان تەها) ئەو مامۆستایەی گیانی لەدەستدا، رووداوەکە بە گوماناوی ناودەبەن. دەشڵێن " پێشتر مامۆستا جیهان پێی راگەیاندبووین کە هەڕەشەی لێکراوە و دەکوژرێت".
لایخۆشیەوە پەیامنێری ئێن ئاڕتی باسی لەوە کرد، خێزانی مامۆستا
جیهان دەڵێن، هیچ کەسێک و خزمێکیان لەو ناوچەیەدا نییە کە روداوەکەی
تێدا روویداوە و نازانن چۆن روداووەکە لەوێدا روویداوە و گوومانیان لە شوێن و چۆنییەتی رووداوەکە هەیە.
هاوکات، مامۆستا جیهان نزیکی سێ کاتژمێر پێش مردنی لە تۆڕی
کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکیدا نوسوویەتی " رێگاکەم بەرەو مەرگە و مەرگ
بانگم دەکات"، بۆیە هاوڕێیان و بەشیک لە مامۆستایانی نزیک لەو مامۆستایە مەرگی
مامۆستا جیهان بە گوماناوی دەزانن.
جیهان تەها مامۆستای وانەبێژ تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە و یەکێک
بووە لەو مامۆستا ناڕازییانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی
بەشداری گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەمیشە
ناڕەزایی دربڕیووە دژی دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
کەریم کەیفی – سۆران
ئومێد چۆمانی – هەولێر