سەردێڕ:

روسیا دەیەوێت لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ببێتەوە بە ئەندام

PM:05:35:27/09/2023

3040 جار خوێندراوەتەوە

روسیا دەیەوێت لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ببێتەوە بە ئەندام و پێشبینیش دەکرێت وڵاتانی رۆژئاوا بە توندی روبەڕوی روسیا بوەستنەوە .


رۆژی چوارشەممە، لە راپۆرتێکی سی ئێن ئێن سەبارەت بە پەیوەندیییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و روسیا ئاماژە بەوەکراوە، روسیا بە فەرمی هەوڵدەدات پەیوەندی بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە نزیکەی ١٨ مانگە لەو ئەنجومەنە دورخراوەتەوە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، روسیا ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بە دەزگایەکی سەرەکی لە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەزانێت و هەوڵی بەئەندامبوونەوەی لەو ئەنجومەنە دەدات.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەرهەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی روسیا تووڕەیی رۆژئاوای لێدەکەوێتەوە، چونکە چەندین وڵاتی ئەندام لە ناتۆ بەهۆی لەشکرکێشییەکانی مۆسکۆوە بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا چەندین جار پێداگریان لەسەر دورخستنەوەی ئەو وڵاتە کردووە لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە نیسانی ٢٠٢٢دا و لە دوای چەند هەفتەیەک لە لەشکرکێشی تەواوەتی بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەنجومەنی رێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ، مافی ئەندامبوونی لە روسیا وەرگرتەوە، بەڵام لەمساڵدا ئەو وڵاتە لە ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک کاندیدێک بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بۆ خولی ٢٠٢٤-٢٠٢٦ ناوی هاتووە و بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەنگدان ئەنجام بدرێت.













گەلەری