ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیدا ناکات.
رۆژی دووشەممە، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە پەیامێکی ڤیدۆییدا باسی لەوەکرد، لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی گفتوگۆیان کردووە لەسەر دۆخی ئێستای یەکێتی بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئۆباڵی رێکنەکەوتن
و نەچونی ئەو و بەشێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا یەکێتی بۆ پێنجەمین کۆنگرەی
یەکێتی نیشتیمانی دەکەوێتە سەر مەکتەبی سیاسی ئێستای یەکێتی و بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە.
سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی
باڵای یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆژەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنەکە نەنێردراوەتە
بەردەستی ئەو و هەروەها بڕیار بووە ئەو ی هەڵدەبژێردرێن سەردانی بکەن، بەڵام ئەوانیش
سەردانیان نەکردووە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا
یەکێتی لەوپەڕی لاوازییدا دەرگا لەسەر رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و تەنانەت هەندێک
بۆچونی دیکەی ناوخۆی یەکێتی دادەخات و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە.
دەشڵێت، "یەکێتی بووەتە
بەشێک لە شکستەکانی حکومەت و سەرئەنجامی ئەو شکستانەی لە حکومەتدا هەیە بەشێکی لە
ئەستۆی یەکێتیە و ئەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا روودەدات تەنها لە ناو حزبەکانی دەسەڵاتی
دیکتاتۆری هەبووە لە مێژوودا".
باسی لەوەشکرد، لە هەڵبژاردنی
ئەنجومەنی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی و پارتی و گۆڕان ٥٠٠ هەزار و ١٩٠ دەنگ لە دەنگەکانیان
دابەزیوە و ٧٧٪ی خەڵک متمانەی بەم دەسەڵاتە نەماوە و پێچەوانەی بیر و بۆچونەکانی یەکێتی
و پارتی و گۆڕان بیردەکەنەوە.
مەلا بەختیار راشیگەیاند، "هەموو تاکێکی کورد دەزانێت هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ئێمە چۆنە
و کێ گەندەڵە لە دزینی پارەی گومرک و نەوت و داهاتەکان و تائێستا یەکێتی نەیتوانیوە
یەک گەندەڵ دادگایی بکات و تەشەنەسەندنی گەندەڵی
و دابەزینی دەنگەکانی و نەبوونی دادپەروەری لە ناو یەکێتیدا رەنگی داوەتەوە و رەوت
و گروپی جیاواز لە ناو یەکێتی دروستبوون".
لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە
ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژاردنێکی
پاک و بێگەرد بێت دۆخی حزبەکانی دەسەڵات خراپ دەبێت.