سەردێڕ:

ئایا نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت؟

PM:01:02:24/09/2023

80524 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێستا ١٠٠ دۆلار بە ١٥٣ هەزار و ١٠٠ دینار مامەڵەی پیوەدەکرێت و نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی لە لێدواێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کێشە سیاسییەکانی بەرزی نرخی دۆلار چارەسەر بوون و ئەوەی ماوەتەوە کێشەی تەکنیکین.

ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەری کێشە تەکنیکییەکانیش بەندە لەسەر دەستواڵایی بانکی ناوەندی بۆ هاوکاریکردنی بازاڕە ناوخۆییەکان.

وتیشی، چوونی شاندی عێراق بۆ ئەمریکا و دانیشتنی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بووە هۆی گەیشتن بە خاڵێکی هاوبەش و ئەنجامەکەشی دابەزینی نرخی دۆلار بوو.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە سەر نرخی فەرمی خۆی و بانکی ناوەندی لە ئێستادا لە ٪٨٠ـی پێداویستیەکانی دارایی دابینکردووە.

لە کۆبونەوەی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا برایان نیلسۆن یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئامادەیی گەنجینەی ئەمەریکای دەربری بۆ کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و هاوکاریکردنی لە بوارەکانی نەختینەی دارایی و حەواڵەی بانکی بازرگانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات.


 













گەلەری