سەردێڕ:

ئەڵمانیا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران ھەنگاوێکی نوێ دەگرێتەبەر

AM:10:53:23/09/2023

12688 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کار لەسەر دروستکردنی خاڵی پشکنینی نوێی جێگیر دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی کۆچبەران لە سنووری پۆڵەندا و کۆماری چیک.


نانسی وەیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە رۆژنامەی "وێلت ئیم سۆنتانگ" ی ڕاگەیاند، حکومەتی ئەڵمانیا کار لەسەر دامەزراندنی خاڵی سنووری پشکنین دەکات بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی بە سنووری پۆڵەندا و کۆماری چیکدا تێدەپەرن و دێنە سنوورەکانی ئەڵمانیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خاڵە پشکنینانە دەبنە ئامڕازێک بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی کە بەهۆیەوە ڕێژەی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

باسی لەوەشکرد، پەنابەری یاسایی و کۆچبەری نایاسایی جیاوازن و ئەگەر هاوڵاتییەک داوای مافی پەنابەری لە سنوورەکان بکات ئەوا پشکنین بۆ داواکارییەکەی لە ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت و پاشان بڕیار لەسەر پێدانی مافی پەنابەری بەو هاوڵاتییە دەدرێت و ئەمەش پابەندبوونێکی یاسایی ڕوونە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەری نایاسایی روویان لە ئیتاڵیا کرد و بەهۆیەوە باری نائاسایی لەو وڵاتەدا راگەیاندرا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.













گەلەری