ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، رێز لە سەروەری عێراق دەگرن و پەرە بە هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەن.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووە محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ یانس ستۆڵتربێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆدا کۆبووەوەتەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هێزەکانی ناتۆ و هاوپەیمانان کردووە.
بەپێی راگەیاندراوەکە، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق
لەسەر بنەمای هەبوونی هێزی ئەمنی ناوخۆیی پێویست لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە بە
پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ ئەمریکا لەرێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە گفتوگۆیان
کردووە لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی ئەو هێزە ئەمنییانەی لە عێراقدا هەن.
باسی لەوەشکردووە، ئەو هاوکارییە سەربازییانەی ناتۆ لە شەڕی عێراق لەگەڵ
گروپە چەکدارییەکان پێشکەشی ئەو وڵاتەی کردووە بەشێکە لە هۆکارەکانی ئەو ئارامییەی
ئێستا لە عێراقدا بەرقەرارە.
لای خۆشییەوە یانس ستۆڵتربێرگ ئاماژەی بەوەکرد، رێز لە سەروەری عێراق دەگرن
و پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن لەگەڵ ئەو وڵاتە و هاوکارییەکانیان بۆ
هێزەئەمنییەکان فراوان دەکەن.
پێشتریش، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی
پێویستی بە هێزە ئەمنییە دەرەکییەکان نەماوە و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ
هاوپەیمانان تەنها لە چوارچێوەی راوێژکاریدا بمێنێتەوە.