سەردێڕ:

بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لە سودان هەزار و ٢٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە

PM:11:55:19/09/2023

2760 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: هەزار و ٢٠٠ منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان بە هۆی برسێتی و نەخۆشییەوە لە ماوەی پێنج مانگی شەڕی ناوخۆی سوداندا گیانیان لەدەست داوە.


رۆژی سێشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ئاماریدا ئەوەی خستەڕوو، تیمەکانیان لە ویلایەتی نیلی سپی لە سودان گیان لەدەستدانی زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵیان لە نۆ کەمپدا لە نێوان ١٥ی ئایار و ١٤ی ئەیلولدا تۆمارکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمان ماوەدا سێ هەزار و ١٠٠ حاڵەتی گومانلێکراوی توشبوون بە نەخۆشی سورێژە تۆمارکراون و زیاتر لە ٥٠٠ حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە کۆلێرا لە ناوچەکانی جیاوازەکانی سوداندا تۆمارکراون، جگە لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون و مەلاریا.

دەشڵێت، مانگانە ٥٥ هەزار منداڵ پێویستیان بە چارەسەری بەدخۆراکی هەیە و لە خارتووم لە کۆی پەنجا سەنتەری خۆراک دابەشکردن تەنها یەک سەنتەر کار دەکات.

نزیکەی شەش مانگە شەڕی ناوخۆی سودان لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزی پاڵپشتی خێرادا بەردەوامی هەیە و بەپێی ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری