لە دوای ئەوەی چەندان مانگ لە لایەن دەسەڵاتدارانی خەرتوومەوە فشاری لێکرا نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان دەستی لەکارکێشایەوە.
رۆژی چوارشەممە، ڤۆڵەر پێرێتز نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان دەست لە کار کێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
پێرێتز لە وتارێکیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی،
"سوپاسی سکرتێری گشتی دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە و ئەو متمانەی پێی بەخشیوم، بەڵام
داوام لێکردووە لە ئەرکەکانم دووم بخاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ لە مانگی نیسانەوە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی
خێرا بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت چڕتر ببێتەوە.
هاوکات عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودان لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ
گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکرد؛ پێرێتز بووە بە سەرچاوەی
کاردانەوەی نەرێنی بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها تۆمەتباری کردووە بە چەواشەکار
و دەڵێت، هاندانی پێرێتز و چەند لایەنێکی دیکە نەبوایە ئەوا فەرماندەی هێزەکانی
پشتیوانی خێرا یاخی نەدەبوو.
لە ١٥ـی نیسانی ئەمساڵەوە ململانێ سەربازییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزی
پاڵپشتی خێرای ئەو وڵاتەدا دروست بووە و تا ئێستاش بەردەوامە و سەرۆکی هێزی پاڵپشتی
خێراش باسی لەوەکرد، دەیانەوێت کۆتایی بە ململانێکان بهێنن و لە نزیکترین کاتدا شەڕی
ناوخۆ کۆتایی دێت.