سەردێڕ:

ژمارەی گیان لەدەستدان لە بومەلەرزەکەی مەغریب دوو هەزار و ١٠٠ کەسی تێپەراند

PM:07:01:10/09/2023

2864 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی مەغریب، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی گیانیان لەدەستدا بۆ دوو هەزار و ١٢٢ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ کەسیش بریندارن.


وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند، ئاماری گیان لەدەستدانی بومەلەرزەکەی ڕۆژی هەینی مەغریب گەیشتووەتە دوو هەزار و ١٢٢ کەس هەروەها دوو هەزار و ٤٢١ کەس برینداربوون.

هاوکات شا محەمەدی شەشەم پادشای مەغریب ئاماژەی بەوەکرد، سێ رۆژ ماتەمینی لە تەواوی مەغریب رادەگەیەنرێت و ئاڵای مەغریب لەسەرجەم دام و دەزگاکان تا نیوە نزم دەکرێتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٢ پلەی رێختەر لە مەغریب روویدا و لە یەکەم کاتژمێری دوای بومەلەرزەکەدا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، بومەلەرزەکەی مەغریب لە قوڵایی ١٨.٥ کیلۆمەتر بووە و ئەوەش بەهێزترین بومەلەرزەیە کە لە ماوەی ١٢٠ ساڵدا لە ناوچەکە روویداوە.

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بومەلەرزەکە شارەکانی حەوز و مەراکش و رزازات و ئەزیلال و شیشاوە و تارودانتی گرتووەتەوە.













گەلەری