سەردێڕ:

وڵاتانی جی ٢٠ لەسەر بەستنەوەی هندستان و ئەوروپا بە هێڵی ئاسنین رێکدەکەون

PM:09:53:09/09/2023

2644 جار خوێندراوەتەوە

جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی بنیادنانی هێڵی ئاسنین لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هیندستان و سعودییە و ئیمارات واژۆکراوە و ئەو پڕۆژەیە سوودی دەبێت بۆ وڵاتە کەم داهاتەکان و دەرخستنی رۆڵی بازرگانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


جۆن ڤینەر جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە دوای کۆبونەوەی لوتکەی جی ٢٠ رایگەیاند، رێکەوتنامەی هێڵی ئاسنین و گواستنەوەی دەریایی کە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باشوری ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هیندستان و سعودیە لەگەڵ ئیمارات و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە سوودی بۆ وڵاتانی کەم داهات و مامناوەندی ناوچەکە دەبێت، هەروەها ڕێگە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بازرگانی جیهانیدا بگێڕێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم رێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت لە هەناردەکردنی وزە و بازرگانی لە کەنداوەوە بۆ ئەوروپا، ئەوەش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی کات و تێچووی کەشتیوانی و بەکارهێنانی سووتەمەنی.

رۆژی شەممە، لە نیودلهی پایتەختی هیندستان ١٨ـهەمین کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی جی ٢٠ بەڕێوەدەچێت و تێیدا لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ئاسایشی خۆراکەوە گفتووگۆدەکرێت.

گروپی جی ٢٠ گروپێکە کە حکومەت و بانکە ناوەندییەکانی ٢٠ وڵات و یەکێتی ئەوروپا کۆدەکاتەوە و لە ساڵی ١٩٩٩ پێکهێنراوە و دیاترین ئەندامەکانی ئەمریکا و چین و روسیا و تورکیا و سعودیەن.













گەلەری