سەردێڕ:

سوید مەرجەکانی وەرگرتنی رەگەزنامە توند دەکاتەوە

PM:05:54:08/09/2023

4192 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کۆچی سوید رایگەیاند، ئەو کەسانەی داواکاری رەگەزنامەی سویدی پێشکەش دەکەن دەبێت زمانی وڵاتەکە بە باشی بزانن و ماوەی هەشت ساڵ بمێننەوە و توانای پشتیوانکردن لە خۆیان هەبێت.


ماریا ماڵمەر وەزیری کۆچی سوید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، هەڵگری رەگەزنامەی سویدی رۆڵی کۆمەڵگەی سویدی دەبینێت و ئەوەش لە رووی یاسایی و سیمبولەوە بەهایەکی زۆری هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر پشکنەرە حکومییەکان پێویستە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەن کە داوای رەگەزنامەی سویدی دەکەن و نەبوونی پێشێلکاری هاتووچۆ تاکە مەرج نەبێت و پێویستە داواکاری رەگەزنامە، زمانی سویدی بە باشی بزانێت و بتوانێت لە وڵاتەکە پشتیوانی خۆی بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی سوید پێشنیازی کردووە کاتی مانەوەی پێویست لە سوید بۆ ئەو کەسانەی داوای رەگەزنامە دەکەن لە پێنج ساڵەوە بۆ هەشت ساڵ زیاد بکرێت و وتیشی، "ئەم پێشنیازانە شیاون و دەبێت لەسەر مەرجی وەرگرتنی رەگەزنامە بیسەپێنین."

باسی لەوەشکرد، ئەوان بە دوای هاوڵاتی خاوەن توانای سەرسوڕهێنەر ناگەرێن بەڵام پێویستە مەرجەکانی وەرگرتنی رەگەزنامەی سوید بە جۆرێک هاوتا بێت لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و هیوادارن ئەم رێکارە نوێیانە بەهای رەگەزنامەی سویدی بەرزبکەنەوە.

بە جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازانە سوید لە یەکێک لەو وڵاتانەی بە ئاسانی رەگەزنامەی تێیدا وەردەگیرێت دەگۆرێت بۆ یەکێک لەو وڵاتانەی داواکاری رەگەزنامەی تێیدا قورس دەبێت.













گەلەری