سەردێڕ:

کرملن؛ ئەردۆغان لەگەڵ پوتین باس لە گرێبەستی غاز و دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکات

AM:10:08:04/09/2023

2388 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کرملن رایگەیاند، سەرۆکی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی روسیا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسی گرێبەستی غازی نێوان هەردوو وڵات و دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکرێت و چاوگێکیش لە تورکیا دەڵێت، "ئەردۆغان ترسی لە بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە هەیە."


رۆژی دووشەممە دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی فەرمی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرملن" ڕایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا کۆدەبێتەوە و هەوڵدەدات ببێتە نێوەندگیرێک لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا .

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆدەکرێت لەسەر پرسە هاوبەشەکانی هەردو وڵات لە نێویشیاندا پرسی گرێبەستی غاز ، پێشبینیش دەکرێت پرسی سەرەکی کۆبونەوەی لوتکەی ئەردۆغان و پوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانی لە دەریای ڕەشەوە بێت.

لەلایەکی دیکەوە چاوگێک لە تورکیا ئەوەی خستەڕوو، کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر گرێبەستی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، چونکە تورکیا ترسی لە بەرزبونەوەی نرخی دانەوێڵە هەیە.

باسی لەوەشکرد، تورکیا گرنگییەکی زۆر دەدات بە ئەنجامدانی گرێبەستی گواستنەوەی غازی ڕوسیا لە وڵاتی تورکیاوە بۆ جیهان، سەرەڕای هێواشی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی گرێبەستەکە بەڵام تورکیا سورە لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستە ئابووریەکانی لەگەڵ روسیادا.













گەلەری