سەردێڕ:

سەرۆکی سودان بۆ یەکەم جار باس لە رێککەوتنی ئاشتی دەکات

PM:08:59:03/09/2023

2796 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەرێمی دارفوور لە سودان رایگەیاند: لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی جوبا کردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ واژکراوە.


رۆژی یەکشەممە، مینی ئارکۆ پارێزگاری هەرێمی دارفوور رایگەیاند: لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سودان و سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و باسیان لەو پرسە بنەڕەتییانە کردووە کە بووەتە جێگای نیگەرانی بۆ هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاشتی جوبا کراوە، جەختیشی لە گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کراوەتەوە، بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاشتی و سەقامگیری لە سودان.

باسی لەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو کاریگەرییە مرۆییانە کراوە کە شەڕی ناوخۆ بە جێی هێشتووە.

رێککەوتنی جوبا لە ساڵی ٢٠٢٠ کە سەرۆکی ئێستای سودان سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری ئەو وڵاتە بوو لە نێوان حکومەتی سودان و لایەنەکانی دژ بە دەسەڵات واژۆکرا و تێیدا هاتووە، پێویستە ئاشتی سەرتاسەری لە سودان بەرقەرار بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕی ناوخۆ لە سودان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دروست بووە و بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤.٦ ملیۆن هاوڵاتی سودانی ئاوارەبوون.

لە ئامارەکانیشدا ئەوەخراوەتەڕوو، تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەس برینداربوون.













گەلەری