سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق؛ داهاتی نەوتی مانگی ئاب نزیکەی نۆ ملیار دۆلار بووە

PM:10:18:01/09/2023

2472 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئابدا بڕی ١٠٦ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەی نزیکەی نۆ ملیار دۆلار بووە.


رۆژی هەینی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی مانگی ئابدا ١٠٦ ملیۆن و ١٢٢ هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردەکراوە و داهاتەکەشی هەشت ملیار و ٨٤٦ ملیۆن دۆلار بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن بەرمیل لە کێلگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق هەناردەکراوە و بڕی ٤٢١ هەزار بەرمیلیش لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوری پارێزگای نەینەواوە هەناردەکراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەمانگی ئابدا عێراق رۆژانە بە تێکڕای سێ ملیۆن و ٤٢٣ هەزار بەرمیلی هەناردەکردووە، نرخی هەر بەرمیلێکیش ٨٣ دۆلار و ٥١ سەنت بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی تەمووزی رابردوودا داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە و بەراورد بە مانگی تەمموز داهاتی نەوت ٥٥٠ ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.













گەلەری