سەردێڕ:

حکومەتی روسیا: لەسەر کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ ئۆپیک پڵەس رێککەوتووین

AM:12:00:01/09/2023

2692 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاند، سەرۆکایەتی روسیا لەگەڵ هاوبەشانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی هەناردەی نەوت رێککەوتووە و لە هەفتەی داهاتوو زانیاری زیاتر دەخەنەڕوو.


ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاند، ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا لەگەڵ هاوبەشانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رێککەوتووە بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت.

سەرەڕای کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە، سعودیە و روسیا لە هەوڵدان بۆ زیاتر کەمکردنەوەی هەناردەکان.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی حکومی روسیا پوتین پرسیاری لە جێگری سەرۆک وەزیران کردووە کە ئایا لەگەڵ ئۆپیک پلەس بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەتوون.

جێگری سەرۆک وەزیرانیش دەڵێت، "لەسەر ئەو پرسە رێککەوتووین و لە هەفتەی داهاتوو پوتین زانیاری تایبەت دەخاتەڕوو."

هاوکات، هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی رێژەی کەمکردنەوەی هەناردە نەدا.

وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناسراو بە ئۆپیک کە روسیاش ئەندامە تێیدا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ پشتگیریکردنی بازاڕ ئاستی بەرهەمهێنان یاخود هەناردەکردنی نەوتیان کەمکردووەتەوە و بڕیارەکەیان تاوەکو ٢٠٢٤ بەردەوامی دەبێت.













گەلەری