سەرباری هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ لە سودان کە نزیک دەبێتەوە لە پێنج مانگ هێشتا هێرشەکان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و زیاتر لە چوار ملیۆن کەس ئاوارەبوون و فریاگوزارییە سەرەتاییەکان کەم بونەتەوە.
مارتن گریفس یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە ئەنجامی بەردەوامی ململانێکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا برسێتی و نەخۆشی و ئاوارەبوون لە وڵاتەکەدا دروست بووە و پێشبینی دەکرێت تەواوی وڵاتەکە بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ٢٦٪ ی هاوکارییە
داراییەکان گەیشتووە بە هاوڵاتیانی سودان و داوا لە رێکخراوە هاوکارییەکان دەکەن
پرۆسەی ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو وڵاتە خێراتر بکەن.
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور
ئاماژەیان بەوەکردووە، ماوەی مانگێکە ئاوارەکان بەشەخۆراکیان بەدەست نەگەشتووە
و بەشێک لە ئاوارەکان بەهۆی نەبوونی ئاوی
پێویست هەوڵی دۆزینەوەی ئاوی ژێر زەوی دەدەن لە ناوچەکەدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕی
ناوخۆ لە سودان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دروست بووە و بەهۆیەوە
تا ئێستا زیاتر لە ٤.٦ ملیۆن هاوڵاتی سودانی ئاوارەبوون.
لە ئامارەکانیشدا ئەوەخراوەتەڕوو، تا ئێستا زیاتر
لە پێنج هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەس برینداربوون.