سەردێڕ:

چین و هندستان لەسەر پرسی سنوری نێوانیان رێککەوتن

AM:11:03:25/08/2023

3300 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی هندستان رایگەیاند، کە لەگەڵ چین رێکەوتوون بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سەر سنوری هەردوو وڵات لە دوای کۆبونەوەیەکی سەرۆکى چین و سەرۆک وەزیرانى هندستان لە پەراوێزى کۆبونەوەى بریکس.


ڤینای کواترا وەزیری دەرەوەی هندستان رایگەیاند، هەردوو وڵاتی چین و هندستان ڕێکەوتن لەسەر لابردنى هێزە سەربازییە گەورەکانیان لەسەر سنورى یەکتر و خاوکردنەوەى گرژى نێوانیان.

وەزارەتى دەرەوەى چینیش راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ناکۆکییەکانى سنورى هەردوو وڵات خاوکراونەتەوە و پێویست ناکات چیتر هێزى سەربازى زۆر لەسەر سنورى هەردوو وڵات کۆبکرێنەوە.

چین و هندستان ساڵانێکە لەسەر سنور کێشە هەیە لە نێوانیاندا، بەڵام هەردوو وڵات خاوەنى پەیوەندییەکى ستراتیژى گەورەن لە جیهاندا و ماوەى زیاتر لە ١٠ ساڵیشە دوو ئەندامى کاراى بریکسن کە رێکخراوێکە و دەوترێت بۆ بەربەستکردنى هەژمونى ئەمریکا و ئەوروپایە.

لە ٢٢ـی ئەم مانگە ١٥ـەمین لوتکەی بریکس لە ئەفریقای باشوور دەستی پێکرد و سەرۆکانی وڵاتانی روسیا، چین، هندستان، بەرازیل و ئەفریقای باشوور بەشدارییان تێداکرد و ماوەی سێ رۆژی خایاند.













گەلەری