بەگوێرەی پێنوێنی بۆرسەی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ٨٦ دۆلار و ٢٧ سەنتە، بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی دۆلارێک و ٢٠ سەنت دابەزیوە.
ئەمڕۆ هەینی، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی (تێکساس) بە ٨٢ دۆلار و ٧٢ سەنتە، بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی دۆلارێک و ٦٣ سەنت دابەزیوە.
هۆکارى بەرز بوونەوەى نرخى نەوت لە جیهاندا دواى بڕیارەکەى حکومەتى سعودیە
دێت کە یەکێکە لە وڵاتە گەورە هەناردەکارەکانى نەوت لە جیهاندا و رایگەیاند، کەم
کردنەوەی خۆبەخشانە لە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا بۆ
ماوەی مانگێکی دیکە تاکو کۆتایی مانگی ئەیلول درێژ دەکاتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارى حوزەیرانی ئەمساڵ رێکخراوی ئۆپێک رێککەوتن
لەسەر کەم کردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.
جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلول ئاستی بەرهەمهێنانی
نەوتی روسی بە رێژەی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمدەکەنەوە ئەویش لە پێناو راگرتنی
هاوسەندگی بازاڕی نەوت.
هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتی رێکخراوی ئۆپێک، رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێت
تاوەکو ساڵی ٢٠٤٥ خواستی جیهانی لەسەر نەوت بە رێژەی ٢٣٪ زیاد بکات".
سەرەڕای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی تەممووز
هەشت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بە وتەی بەرپرسانی عێراق پێشبینی دەکرێت دوای سەردانەکەی
ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێم چارەسەر بکرێت.