سەردێڕ:

وەبەرهێنانی هەرێم: هەر جوتیارێک گەنمی لامابێت لێی وەردەگرین

PM:04:56:02/08/2023

2172 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم رایگەیاند، ئەو جوتیارانەی گەنمیان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە وەرنەگیراوە دەتوانن لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە بیفرۆشن بە کەرتی تایبەت و نرخی هەر تۆنێک گەنم ٦٠٠ هەزار دینار دەبێت دەشڵێت، "لەمڕۆوە دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی سلێمانی و هەولێر بکەن."


محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو لیژنەیەکی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی ئەو جوتیارانە پێکهات کە گەنمەکانیان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە وەرنەگیرابوو.

ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاردرا ئەو بڕە گەنمەی لەلایەن جوتیارانی هەرێمی کوردستان ماوە و رادەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق نەکراوە لە هەرێمی کوردستان سەرجەمی وەربگیرێت بەو مەرجەی لە ژێر تاقیکردنەوەی دەربچێت واتە پێویستە رێژەی پاکژییەکەی ٩٥٪ بێت.

محەمەد شوکری ئەوەی خستەڕوو، گەنمی ماوەی جوتیاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە وەردەگیرێت و نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک ٦٠٠ هەزار دینار دەبێت و نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلە دوو ٥٧٥ هەزار دینار دەبێت ئەو بڕیارە لە رێکەوتی ٢ی مانگی ئابەوە تاوەکو رێکەوتی ٢ی مانگی ئەیلول جێبەجێ دەکرێت.

باسی لەوەکرد، ئەو جوتیارانەی گەنمیان لا ماوە و دەیانەوێت بیفرۆشن بە کەرتی تایبەت دەتوانن لە بیهێننە سایلۆی تایبەتی پارێزگای سلێمانی و هەولێر و پێویستیان بە پشتگیری بنکەی کشتوکاڵیشیان بێ بێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم وتی، "لە ماوەی دوو مانگ دا سەرجەم جوتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن."

لەمساڵدا حکومەتی عێراق بڕی ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرت و لە رێکەوتی ١٥ی مانگی تەممووز پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم کۆتایی هات.













گەلەری