سەردێڕ:

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا؛ بەهای دینار بەرزبووەوە

AM:10:16:02/08/2023

56872 جار خوێندراوەتەوە

لە بازاڕی دراوەکان لە هەرێمی کوردستان ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٢ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەهاکەی کەمیکردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی شاری سلێمانی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ هەزار مامەڵەی پێوەکرا و بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ ٣٠٠ دینار لە بەهاکەی دابەزیوە.

دوێنێ بانکی ناوەندی، ٢٢١ ملیۆن و ٨٠ هەزار و ٢٤٨ دۆلاری خستە بازاڕەوە کە ٣٤ ملیۆن و ٨٦٠ هەزاری بەشێوەی کاشە و ١٨٦ملیۆن و ٢٢٠ هەزار و ٢٤٨ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.

پێشتریش، عەقیل شوەیلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی بازرگانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکرد، بازرگانە بچووکەکان دەتوانن لەڕێگەی دروستکردنی هەژمارێکەوە لە بانکی بازرگانی تا بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی دۆلار بە قەرز وەربگرن و مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، لەو ڕێگایەوە دەیانەوێت نرخی دۆلار کەمبکەنەوە.

لە ٢٩ی ٧یش ئالینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە هەژماری تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند، لە بارەی ١٤ بانکەکەی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراق گفتوگۆی کردووە و بانکی ناوەندی ڕێوشوێنی گونجاوی بەرامبەر ئەو بانکانە گرتەبەر و ئەمریکاش هیچ سزایەکی بەسەردا نەسەپاندن.

لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ ئێران و فەنزوێلا ١٤ بانکی عێراقی مامەڵەی دراوی دۆلاریان لێ قەدەغەکرا و بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە کاریگەری لەسەر دۆلاری بازاڕ هەبوو و بە شێوەیەک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک بۆ سەروو ١٥٥ هەزار دینار بەرزبووەوە.













گەلەری