سەردێڕ:

راوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق: رێکارەکانی بانکی ناوەندی نرخی دۆلاری دابەزاند

PM:11:41:31/07/2023

27256 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراقەوە دۆلار بەرامبەر دینار دابەزی.


ئەمڕۆ دووشەممە، فادی شەممەری راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بووە هۆی خێرا دابەزاندنی دۆلار بەرامبەر دینار و بەوهۆیەوە نرخى دۆلار دابەزی.

فادی شەممەری وتی، "بەهۆی رێکارەکانەوە بەخێرای نرخی دۆلار دابەزی و داواشی لە بازرگانان کرد کە پابەند بن بە رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوە تاوەکو بازاڕی دۆلار ناجێگیر نەبێت.

ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت بڕیارەکانی کەم کردنەوەی باج ببێتە هۆی بەرز بوونەوەى بەهای دینار.

ئەوە لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوو بەهۆی هەواڵێکەوە کە وا بڵاوکرایەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراق دا سەپاندووە، نرخى ١٠٠دۆلار بۆ سەروو ١٥٥ هەزار دینار بەرزبوەوە و بەڵام دواتر ئالینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، ئەمەریکا هیچ سزایەکی بەسەر بانکی عێراقی دا نەسەپاندووە و بەهۆیەوە نرخى ١٠٠ دۆلار بۆ ١٥٠ هەزار دینار دابەزییەوە.













گەلەری